ئەژین غەفار-زاری کرمانجی:
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم، بڵاوی کردووەتەوە، هەر ماتۆڕسیکلێکی گەیاندن (دیلیڤەری) هەوڵی شاردنەوەی ژمارەی تابلۆی ماتۆڕەکەی بدات لە کاتی تێپەڕینی بە بەردەم کامێرای تیژڕۆیی، بە توندی سزا دەدرێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت، “هەندێک لە شۆفێرانی ماتۆرسیکیلی گەیاندن (دیلیڤەری)، لەکاتی تێپەڕین بە بەردەم کامێرای چاودێری تیژڕۆیی بە خێرایی زۆر، ژمارەی تابلۆی ماتۆڕەکانیان دەشارنەوە و دەستییان دەخەنە سەر تابلۆی ماتۆڕەکە. ئەمەش بە ئامانجی خۆ دەربازکردن لە سەرپێچی تیژڕۆیی”.
بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو، زیاتر ڕوونی دەکاتەوە، “بەڵام کامێراکانی چاودێری تیژڕۆیی ئەوەندە زیرەکن، هەم دەتوانن ژمارەکە بدۆزنەوە هەم دەموچاویان بناسرێتەوە. هاوکات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کاری گەیاندن و دیلیڤەری بۆ دەکەن، توانراوە هەموویان بدۆزنەوە و سزا بدرێن”.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم، هۆشداری دا و گووتی، “ئاگاداری هەموو ماتۆڕسوارانی گەیاندن و دیلیڤەری دەکەینەوە، پەنا بۆ ئەم کارە نایاساییە نەبەن، بە پێچەوانەوە سزای دارایی توندی بەدواوە دێت”.
































































