ئەژین غەفار- زاری کرمانجی:
پێگەی هەواڵی هرانا بڵاوی کردووەتەوە، لە یەکێک لە گوندەکانی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ، بە ناوی سامیار ڕۆستەمی، دوای دەستگەیشتن بە تریاک کە لە ماڵەوە هەڵگیرابوو، ژەهراوی دەبێت و گیانی لەدەستدەدات
ناسنامەی ئەم منداڵەی دوو ساڵانە «سامیار ڕۆستەمی» تۆمار کراوە کە خەڵکی گوندی نامدارە، سەر بە ناوچەی عوسمانوەند لە بەشی ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، دایک و باوکی منداڵەکە بە مەبەستی کارکردن لە کێڵگە دەڕۆنه دەرەوەی ماڵ و منداڵەکەیان بە تەنها لە ماڵ جێدەهێڵن. سامیار دوای هەڵسان لە خەو و لە غیابی دایک و باوکی، دەستی بە پاشکۆیەک گەیشتووە کە تریاکی تێدا هەڵگیراوە و بڕێکی لێ بەکارهێناوە.
لە کۆتاییدا، ئەم منداڵە لە ئەنجامی ژەهراویبوون بەهۆی خواردنی ئەو مادەی هۆشبەرە، گیانی لەدەست دا.

































































