ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سۆران بۆ زاری کرمانجی دوا و ڕایگەیاند، “بەروبومی هاوینە لە سۆران هێشتا پێنەگەیشتوون و جووتیارانی سۆران تازە خەریکی داچاندنن”
لەگەڵ هاتنی هاوین، بەروبومی هاوینەش دەکەونە بازاڕەکانەوە. لەم بارەیەوە، کامەران حسێن مامەند، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سۆران، بە زاری کرمانجی گوت، “تەنیا ڕێژەیەکی کەمی هەڵوژە و قەیسی و گێلاس پێگەیشتوون. میوە و بەروبومە هاوینییەکانی تر زۆر کەمن و پێداویستییەکانی بازاڕی سۆران زیاترن لەو ڕێژەیە”
ناوبراو کەمی بەروبومی هاوینەی گەڕاندەوە بۆ دوو هۆکار و گووتی، “کەشوهەوا و هەڵکەوتەی جوگرافی کوێستانەکانی ناوچەکە، بە دیاریکراوی لە کوێستانەکانی سیدەکان و چۆمان پلەکانی گەرما لەبار نین و تا ئێستاش جوتیاران خەریکی داچاندنن. لەلایەکی تر بەفر و تەرزە و دابارینی زۆری ئەمساڵ، زیانی بە زۆرێک لە بەروبومە هاوینییەکان گەیاندووە.”
کامەران حسێن، سەبارەت بە نەخۆشییەکانی نێو بەروبومەکانیش بۆ زاری کرمانجی قسەی کرد و گووتی، “مێرووی زیانبەخش، کرمی میوە و وەرینی میوە لەلایێکی تر زیانی بە بەروبومەکان گەیاندووە. هەرچەندە ڕێژەی زیانەکە زۆریش نییە”.
لەکۆتاییدا، لەبارەی پاڵپشتی جوتیارانی سۆران، ناوبراو گووتی، “لە داهاتوودا، دەرمای کەڕووی دارگوێز بەسەر برا جوتیارەکانمان دابەش دەکەین. هاوکات ئاماددەکاریش دەکەین بۆ دابینکردنی دەرمانی قڕكەری زیندەوەرە زیان بەخشەكان لە ئەگەری هاتنی لێشاوی کولە بۆ نێو باخەکان”.































































