ئامادەکردنی: کرێکار قادر ڕوستایی
نوسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
کەڵەشاخ یەکێکە لە کۆنترین و کاریگەرترین ڕێگاکانی چارەسەری سروشتی، کە لە سوننەتی پێغەمبەردا (ﷺ) جەختی لەسەر کراوەتەوە و خۆشی کەڵەشاخ ئەنجامی داوە. لە پاڵ سوودە تەندروستییە زۆرەکانیدا، هەمیشە پرسیارێکی شەرحی(فیقهی) باو لەمبارەیەوە لەلایەن خەلکەوە دەکرێت و دەپرسن ئایا دەرچوونی خوێن بەهۆی کەڵەشاخەوە دەستنوێژ دەشکێنێت؟
لەوەڵامدا ئاماژە بەوە دەکەین کە لە نێوان زانایانی ئیسلامدا لەسەر ئەم بابەتە جیاوازیی بۆچوون (خلاف) هەیە. لێرەدا قەولی مەزهەبەکان و بەڵگەکانیان بە ووردی دەخەینە ڕوو :
بۆچوونی یەکەم : کەڵەشاخ دەستنوێژ ناشکێنێت بۆچوونی کۆمەڵێ لە زانایان، ئەمە بۆچوونی زۆرینەی زانایانی ئیسلامە لەوانەش مەزهەبەکانی شافعی، مالیکی، و ڕایەکیش لە مەزهەبی حەنەفی. هەروەها بۆچوونی کۆمەڵێک لە هاوەڵانی وەک (ئیبن عەباس، ئیبن عومەر، و ئەنەسی کوڕی مالیک)ـە، بەڵگە شەرعییەکانی ئەم بۆچوونە :
١_ فەرموودەی ئەنەسی کوڕی مالیک (خوا لێی ڕازی بێت):
ئیمام عەلی کوڕی عومەر لە کتێبی “السنن”دا گێڕاویەتییەوە کە پرسیار لە ئەنەس دەکرێت سەبارەت بە دەستنوێژ دوای کەڵەشاخ، لە وەڵامدا دەڵێت :
«أَنَّ رَسُوڵ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَڵیْهِ ۆسَلَّمَ احْتَجَمَ، ۆصَلَّی ۆڵمْ ێتَۆچَّأْ، ۆڵمْ ێزِدْ عَڵی غَسْلِ مَحَاجِمِهِ»
واتا: «پێغەمبەری خوا (ﷺ) کەڵەشاخی گرت، و نوێژی کرد و دەستنوێژی نەگرتەوە، و تەنها شوێنی کەڵەشاخەکەی (خوێنەکەی) شوشت.»
٢_کرداری هاوەڵان (الصحابە) ئیمامی بوخاری لە سەحیحەکەیدا لە (باب الْحِجَامَەِ ۆالْقَیْوِ لِلْمُتَۆچِّئِ) ئاماژە بەوە دەکات کە هاوەڵان دەرچوونی خوێنیان بە شکێنەرەکانی دەستنوێژ نەزانییووە.
حەسەنی بەسری دەگێڕێتەوە: «ئیمام عومەری کوڕی خەتتاب نوێژی کردووە لە کاتێکدا لە برینەکەیەوە خوێن دەهات.»
عەبدوڵڵای کوڕی عومەر (خوا لێیان ڕازی بێت) زیپکە یان برینی پێوە بووە، تەقاندوویەتی و خوێنی لێ هاتووە، بەڵام تەنها خوێنەکەی سڕیوە و دەستنوێژی نەگرتووەتەوە.
٣_ بەڵگەی بنچینەیی (اڵاصل بقاو الگهارە) زانایانی شافعی دەڵێن : کاتێک مرۆڤ بە یەقینەوە دەستنوێژ دەگرێت، پاکە. بۆ ئەوەی بڵێین ئەم پاکێتییە بەتاڵ بووەتەوە، پێویستمان بە دەقێکی شەرعی ڕوون و سەحیح هەیە لە قورئان یان فەرموودەدا کە بڵێت “دەرچوونی خوێن دەستنوێژ دەشکێنێت” چونکە دەقێکی لەو شێوەیە نییە، کەواتە دەستنوێژەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
بۆچوونی دووەم : کەڵەشاخ دەستنوێژ دەشکێنێت
ئەمە بۆچوونی مەزهەبی حەنبەلیـیە، و ڕای فەرمی مەزهەبی حەنەفیشە (کە پێیان وایە هەموو خوێنێکی ڕژاو و ڕۆیشتوو لە لەش دەستنوێژ دەشکێنێت)، بەڵگە شەرعییەکانی ئەم بۆچوونە :
١_ فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ)، پشت دەبەستن بەو فەرموودەیەی کە دەڵێت: «مَنْ أَصَابَهُ قَیْوٌ أَوْ رُعَافٌ، أَوْ قَلْسٌ، أَوْ مَژْیٌ فَلْێنْصَڕفْ فَلْێتَۆچَّأْ» (هەر کەسێک بڕشێتەوە، یان خوێنبەربوونی لوتی هەبێت، با بڕوات و دەستنوێژ بگرێتەوە). ئەوان کەڵەشاخیش قیاس دەکەن لەسەر خوێنی لوت (الرعاف).
٢_ مەرجی بڕی خوێنەکە چەندە؟ زانایانی حەنبەلی دەڵێن: دەستنوێژ بە خوێنی زۆر دەشکێت؛ پڕۆسەی کەڵەشاخیش خوێنێکی زۆری تێدا دەچێتە دەرەوە، بۆیە دەستنوێژەکە بەتاڵ دەکاتەوە. بەڵام ئەگەر خوێنەکە زۆر کەم بێت (وەک دڵۆپە خوێنێکی سەرپێیی)، ئەوا ناشکێت.
ڕوونکردنەوەیەکی پێویست لەبارەی ئایا خوێنی کەڵەشاخ دەستونوێژ دەشکێنێت؟
لەسەر مەزهەبی ئیمامی شافعی (کە مەزهەبی سەرەکی و باوی خەڵکی کوردستانە)، ئەنجامدانی کەڵەشاخ بە چەندایەتی خوێنەکەشەوە، دەستنوێژ ناشکێنێت. بەڵام بۆ ئەوەی نوێژ و پەرستشی مرۆڤ تەواو بێخەوش بێت، پێویستە ڕەچاوی ئەم دوو خاڵە گرنگە بکرێت :
١_مەرجی پاککردنەوەی شوێنەکە (النجاسە)، خوێن لە ڕووی شەرعییەوە بە نەجیس(پیس) دادەنرێت. کەواتە ئەگەرچی کەڵەشاخ دەستنوێژ ناشکێنێت، بەڵام نوێژکردن بە لەش یان جلی خوێناوییەوە دروست نییە، بۆیە پێویستە دوای کەڵەشاخ، شوێنی برینەکان بە باشی بشۆردرێن و پاک بکرێنەوە پێش دەستپێکردنی نوێژ.
٢_ چوونە دەرەوە لە جیاوازی بۆچوونەکان (الخروج من الخلاف):
زانایانی دەلێن: ئەگەر کەسێک دوای کەڵەشاخ (بۆ دڵنیایی خۆی و ڕێزگرتن لە ڕای مەزهەبەکانی تر) دەستنوێژەکەی نوێ بکاتەوە، ئەوا کارێکی چاکتر و خێرترە (مستحب)ە، بەڵام ئەگەر بەبێ نوێکردنەوەی دەستنوێژیش نوێژ بکات (تەنها دوای شوشتنی خوێنەکە)، نوێژەکەی تەواو دروستە.


































































