ئاریان فەرەج
مەرگی ناوادەی میدیاکاری هەڵکەوتووی تۆڕی میدیایی ڕووداو، هەڵکەوت عەزیز، تەنها وەک پرسەی خەمناکی جوانەمەرگیی پەیامنێرێکی گەنجی ڕۆحسوک و سیمایەکی خۆشەویستی شاشەی ماڵەکان تێنەپەڕی، بەڵکو بوو بە ماتەمێکی گشتیی سەرتاسەری.
لە ڕاستیدا بۆ هەڵکەوتێک کە وەک یەکێک لە دۆستانی نووسیبووی: «کڵۆیەک شیرینی بوو لە دونیایەکی تاڵدا»، چاوەڕوانکراو بوو پرسەکەی گەرم و پڕ خەم بێت، بەڵام ئەو ماتەم و بەشدارییە گشتی و جەماوەرییە کەم وێنەیەی بینیمان، جیا لە شینی لەدەستدانی میدیاکارێکی سەرڕاست و سەنگین لە زەمەنی پاشەکشە و قەیرانباریی میدیادا، هاوكات مانیفێستێکی ڕەخنەیی بوو کە ڕای گشتی لە ڕێی ئەم پرسەیەوە وویستی گوزارشتی لێ بکات کە من بەش بە حاڵی خۆم ئەم پەیامانەم لێ خوێندەوە:
یەکەم: پشتیوانی لە میدیای هاوسەنگ و ڕەتکردنەوەی بەدکاریی میدیایی…
ئەم هاوخەمییە بۆ مەرگی میدیاکارێکی پیشەیی و بەرپرسیار، پشتیوانی و ئافەرینێکی جەماوەری گەورە بوو بۆ نەهجی کەناڵەکەی هەڵکەوت؛ ڕەتکردنەوەی هەر مەیلێکی میدیایی نابەرپرسیار و دەم بە هاوار بوو کە: ئاگری دووبەرەکی خۆش بکات، ناکۆکی و لێکترازانی ناوخۆیی هان بدات، زمانی قێزەونی شەڕی شوومی ناوخۆ بێنێتەوە ئارا و بێباک بێت لە ئاست ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئایندەی وڵات.
دووەم: تینوێتییی خەڵک بۆ تەبایی و یەکڕیزی…
میللەت ماندووە لە دابەشبوون و دووبەرەکی و لێکترازان، تینووی تەباییە.
مەرگی هەڵکەوت موعجیزەیەکی کاتیی خولقاند؛ لایەنە سیاسییەکان کە لەسەر هیچ ستراتیژ و پرەنسیپێک ڕێک نین، لەسەر ئەم مەرگە یەک بوون. خەڵک هێندە پەرۆشی یەکبوونە، تەنانەت لەم شینەشدا دڵیان بەم دیمەنە دەگمەنە شاد بوو! درێژەدان بە پرسەکە وەک ئەوە وابوو خەڵک بیانەوێت بە توندی دەست بەم چرکەساتەوە بگرن؛ زەمەن ڕابگرن و نەهێڵن ئەم تاو و تامی پێکەوەبوونە تێپەڕێت.
هاوكات پەیامەکەی خەڵک تانەیەکی ویژدانییشی تێدا بوو بۆ سیاسییەکان: کە دەتوانن لەسەر مەرگ ڕێککەون، بۆچی لە پێناو ژیانی نەتەوەیەک ڕێکناکەون؟
سێیەم: وانەیەک بۆ ئەهلی ئیعلام…
ئەم مەرگە وانەیەکی پڕ ماناشی بۆ ئەهلی ئیعلام تێدابوو، بە میدیاکاری گووت: مەرج نییە غەدر لە قەناعەت و باوەڕەکانی خۆت بکەیت و ڕەش بکەیت بە سپی و سپی بکەیت بە ڕەش، تا نان و ناوبانگ بەدەست بهێنی. هەڵکەوت ڕێزی خۆی، ڕێزی قەناعەت و مەبدەئەکانی و ڕێزی پیشەکەی دەگرت، لە خەمی خەڵک و کوردستان و ویژدانی خۆی بترازێ، لە خەمی ڕازیکردنی کەسدا نەبوو؛ کەچی نەک هەر بێ نان و گومناو نەبوو، بە پێچەوانەوە، لە ژیاندا سەربەرز و ڕووسوور، لە مەرگیشدا دەرکەوت خاوەنی ئەو پێگە بەرزەیە.
مەرگی هەڵکەوت کۆتەڵێکی میللی بوو. ئەو لە ژیانیدا هێور و مژدەبەخش بوو، لە مەرگیشیدا بووە مایەی کۆبوونەوەی کاتیی ماڵە پەرتەوازەکەی کورد.
وانەی گەورەی ئەم کۆستەی ڕووداو پێی گوتین: با کایەی سیاسی و میدیاییشمان دەردەدار و قەیرانبار بن، بەڵام هۆشیاریی میللەت هێشتا ساغ و زیندووە و پێوەرەکانی لێ نەشێواوە و دەزانێت کێ دەکاتە سیمبول.

































































