مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان لە ڕاگەیاندراوێكی دا ئاشكرای دەكات كە چەكدارانی تاڵیبان ژنە كوردێكی خەڵكی بۆكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە ناوی “چیمەن حوسێن زادە” و كچە 15 ساڵانەكەی بە ناوی “سارا یوسفی”یان لە پارێزگای سەرپۆلی ئەفغانستان كوشتووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییەكانی تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان “چیمەن حوسێن زادە نزیكەی 20 ساڵ بەر لە ئێستا بەهۆی هاوسەرگیریكردنی لەگەڵ پیاوێكی ئەفغانی، ناچار بوو كۆچ بكات بۆ گوندی “خاڵدوری” لە ناوچەی كۆهستاناتی سەر بە پارێزگای سەرپۆل و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەوێ وەك مامان كاری كردووە. “
لە ڕاپۆرتی تۆڕەكە هاتووە “بەرپرسی بەشی حەج و ئەوقافی تاڵیبان لە ناوچەی كۆهستانات بە ناوی موفتی محەممەدوڵا ویستوویەتی لەگەڵ سارا یوسفی، كچە 15 ساڵانەكەی چیمەن حوسێن زادە هاوسەرگیری بكات، بەڵام خێزانەكەی ئەم داواكارییەیان ڕەتكردووەتەوە، ئەم ڕووداوە ڕوویداوە.”
ئەوەش باس كراوە “چەكدارانی تاڵیبان هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی ئەو خێزانە. دایكەكە لە دژی چەكدارانی تاڵیبان كە ویستوویانە كچەكەی بڕفێنن بەرگریی كردووە، بەو هۆیەشەوە چەكدارانی تاڵیبان دایك و كچەكەیان كوشتووە.”
































































