نووسینی: ئالا مەقسود
دەرچوی کۆلێجی زانست بەشی ژینگەو تەندروستی
وەک پێویستییەکی هەمیشەیی مرۆڤ ، بوونی نەخۆشخانەی گەورە لە شارو شارۆچکەکاندا مەسەلەیەکی گرنگ و بایەخدارە ، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دیارە کە نەخۆشخانەکانیش وەک هەر دامەزراوەیەکی دی پاشماوەی رۆژانەی جۆراو جۆر فڕێدەدەن ، بۆیە پاشماوەی نەخۆشخانەکان لەوانەیە لەچاو پاشماوەی گشتی شاردا لە بڕدا کەم بێت بەڵام لە جۆردا زۆر ترسناکە ، بۆ روونکردنەوەیەکی ساکار ، دەکرێت ئاماژە بەوە بدەین کە پاشماوەی نەخۆشخانەکان دەشێت بەم جۆرە پۆڵێن بکرێن :
١_ پاشماوە ئاساییەکان : وەک خواردەمەنی و کاغەز و کارتۆن .
٢_ پاشماوەی ئامێرەکان بەکارهاتووەکان : کە دوو جۆرن :
١/ قوتوی دەرمان و پلاستەر و لۆکە .
ب /شووشە ، دەرزی ، سرنج ، چەقۆ .
٣_ پاشماوەی نەشتەرگەری : وەک پارچەی بڕاو لە لەش ، پێست ، خوێن ، قژ ، ئێسقان و ماددەکانی دوای نەشتەر گەری وەک کیسەی پلاستیکی و ماددەی تاقیگەکان ..هتد
٤_ ئامێرەکانی پشکنین و دەرخستن : مادەی وێنەگرتن و تیشکی ئێکس .
٥_ دەرمانت بەسەرچوو ، یان گەراوە ، گیراوەی بەسەرچوو .
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە ئێستا لەگەڵ دامەزراندنی نەخۆشخانەی تایبەتدا پێویستە چاودێری گشت نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان بە توندی بکرێت لە بارەی ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێنچ جۆرە پاشماوەیە دەکەن بە تایبەت جۆری سێیەم . چونکە تێکەڵکردنی جۆری سێیەم لەگەڵ ئەوانی تردا کارەساتی تەندروستی و ژینگەیی گەورە دروست دەکات و چارەسەری نیە .
بۆیە پێویستە بۆ هەر جۆرێک لەو پێنچ پاشماوانە چارەسەری گونجاو هەبێت نەک تەنها پەنا ببڕێتە بەر سوتاندن کە دەرکەوتووە سووتاندەن دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی ( دیۆکسین ) کە ناوێکە نزیکەی ٧٥ ماددەی کیمیاوی لەخۆ دەگرێت و دەبێتە هۆی شێرپەنجە و کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر سیستەمی بەرگری لەش و گەشەکردنی ، چونکە دیۆکسین لە ئەنجامی سوتاندنی ئەو ماددە پلاستیکیانەوە (pvc) پەیدا دەبێت کە لە بنەرەتدا ماددەی (کلۆر) یان تێدایە ، ئەمە جگە لەوەی کە ماددەی جیوەش لە سووتاندنی ئەو پاشماوانە پەیدا دەبێت و کاریگەری خراپیان هەیە لەسەر مێشک و گورچیلە و جگەر بۆیە چارەسەری نوێ ئێستا سووتاندن نییە بەڵکو بریتییە لە خاوێنکردنەوەی هەڵمی (Auto Clave ) کە بەگەرمی و پاڵەپەستۆی هەڵم ئەو پاشماوانە چارەسەر دەکرێن و ماددەی دیۆکسینی مەترسیداریش نایەتە بەرهەم .
بۆیە پێویستە نەخۆشخانەکان هەر جۆرێک بێت پاشماوە لەوانی تر جیا بکەنەوە و پاشماوەکان تێکەڵ نەکەن ، چونکە بە شێوەیەکی گشتی هەر جۆرە و چارەسەرێکی هەیە ، هەروەها دەبێت واز لە شێوازی سووتاندن بهێنین چونکە سووتاندن ئێستا لە ئەمریکا و ژاپۆن و زۆر وڵاتانی تر بەرەو کۆتایی دەچێت ، لەبەر ئەوەی سووتاندن دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا ، هەروەها هێشتنەوەی پاشماوەکانیش لە زەویدا بێ چارەسەر هۆکارێکی تری نەخۆشی کوشندەیە .
بۆیە بە حاڵەتی سووتاندنی ئەو پاشماوانە دەڵێن ( زبڵخانەی ئاسمانی ) چونکە هەوا پیس دەکات . بە هێشتەوەی بی چارەسەریش لە زەویدا پێی دەڵێن (بۆمبی چێنراو !!) جا بۆیە جێی خۆیەتی کە دەوترێت پاشماوەی نەخۆشخانەکان ترسناکترین جۆری پاشماوەکانە، لەگەڵ زیادبوونی دانیشتوان و زیادبوونی نەخۆشخانەکانیشدا بڕ و جۆری ئەو پاشماوانە زیاتر دەبن .
معدَّلە































































