ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی پێستی کوردستان هۆشداری دا کە بەکارهێنانی بۆتۆکس و فیلەرەکانی بێ ستیکەری کۆنترۆڵی جۆری و بێ مۆڵەتی فەرمی، بە تەواوی قەدەغەیە. چونکە دەتوانن ببنە هۆی کێشە تەندروستییە مەترسیدارەکان وەک سڕبوونی دەموچاو و تەنگەنەفەس.
د. محەممەد یوسف، سەرۆکی کۆمەڵەکە، ڕایگەیاند کە هەموو جۆرەکانی بۆتۆکس و فیلەر دەبێت ستیکەری کۆنترۆڵی جۆریان پێوە بێت و بەرهەمە پشتڕاستنەکراوەکان بەکار نەهێنرێن.
هەروەها، بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، پێش ئەنجامدانی هەر کارێکی پزیشکی بە بۆتۆکس یان فیلەر، پێویستە ڕەزامەندی زارەکی یان نووسراوی چارەخواز وەربگیرێت و بە تەواوی ئاگاداری ئەگەری لێکەوتە نەخوازراوەکان بکرێتەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی پێستی کوردستان، خانمان ئاگادار دەکاتەوە، لە بۆتۆکس و فیلەرە هەرزان و سەرچاوە نادڵنیاکان کە بە ڕێگای ئۆنڵاین یان لە وڵاتانی دراوسێوە دەهێندرێن، گووتیشی، ” نازانرێت کە پێکهاتەیان چییە، پێویستە لێیان دوور بکەونەوە.”
د. محەممەد یوسف هەروەها جەختی کردەوە کە هەر شوێنێک گومان لە بەکارهێنانی نایاسایی ئەم ماددانە هەبێت، لیژنە تایبەتەکان ئاگادار دەکرێنەوە و ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەریان دەگیرێتەبەر.


































































