یەکێتیی ئەوروپا، داوا لە ئێران و ئیسرئایل دەكات بگەرێنەوە سەر مێزی دانوستان وهەوڵ بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە دەکات.
کایا کالاس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، “شەوی رابردوو جارێکی دیکە بینیمان ئاڵۆزییەکان زیادیان کرد.” ئەوەشی خستەروو، ناوچەکە پێویستی بە هەڵکشان و ئاڵۆزیی نوێ نییە.
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، باشترە لایەنەکان بچنە سەر مێزی گفتوگۆ و لەسەر رێککەوتنێک یەکدەنگ بن بۆ ئەوەی کۆتایی بە قەیرانەکان بهێنرێت.
پەیامەکەی کایا کالاس پاش ئەوە دێت شەوی رابردوو (یەکشەممە، 07ـی حوزەیرانی 2026)، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ پێیان نایە قۆناغێکی نوێوە.
شەوی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران چەندان هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و بەشێک لە مووشەکەکان لە تەلئەڤیڤی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە کەوتنەخوارەوە.
































































