زاری کرمانجی – سۆران :
بۆ ئەمساڵی خوێندن وەزارەتی پەروەردە چەندین ئامێرو پێداویستی لە رێگەی پەروەردەی قەزاکانەوە بەسەر قوتابخانەکان دابەشکردووە، لەگەڵ ئەوەی ئەو پێداویستیانە کەمن و بەتەواوی گرفتی قوتابخانەکان چارەسەر ناکات.
عەزیز سەعید مەلا، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران لە لێدوانێکی تایبەت بە زاری کرمانجی راگەیاند ” ئەو پێداویستیانەی وەزارەتی پەروەردە دابینکردن بۆ قوتابخانەکان لە رووی کواڵێتیەوە زۆرباشن، بەڵام لەرووی دابەشکردنەوە زۆر کەمن، پەروەردەی سۆران پێک دێت لە 282قوتابخانە، 500 وایتبۆردمان بۆداندراوە، لەو رێژەیەش 100 دانەمان بۆهاتووە وەک پێویستی قوتابخانەکان ئێمە 2000 وایتبۆردمان پێویستە، بۆیە لە رووی دابەشکردن کێشەمان بۆ دروست دەبێت، سۆپای نەوت 500 دانەمان بۆ هاتووە لە کاتێکدا تەنها سەنتەری سۆران پێویستی بە 1500سۆپا هەیەو ئێستاش کەشەکە زۆر ساردەو قوتابخانەکان پێویستیان بە سۆپای نەوت هەیە.”
بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران گووتیشی” 170لاپتۆپمان بۆ هاتووە لە بەرامبەردا 120قوتابخانە بێ بەش بوونە لەوەرگرتنی لاپتۆپ بەهۆی کەمی ئەو رێژەیەی بۆمان داندراوە، زیاتر لە دەساڵە هیچ کەلو پەلێک بۆ قوتابخانەکان نەکڕدراوە بۆیە تەواوی قوتابخانەکان پێویستیان بەوەهەیە کەل و پەلی پێویستیان پێ بدرێت.