مافناس سەنار شێرۆكی
ڕەوایەتیی پەرلەمان لە سیستەمە دیموكراسییەكاندا بابەتێكی ڕەها نییە، بەڵكو ڕەوایەتییەكەی مەرجدارە بە بەردەوامیی كاركردن و جێبەجێكردنی ئەركە بنەڕەتییەكان. كاتێك دامەزراوەیەكی یاسادانەر بەهۆی ناكۆكیی سیاسییەوە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن لە ئەنجامدانی ئەركەكانی وەك پێكهێنانی كابینەی حكوومەت و پەسندكردنی بودجەی گشتی دەستەوسان دەبێت، بە “دامەزراوەی پەكخراو” هەژمار دەكرێت. بەپێی ماددەی (٥)ی دەستووری عێراق، دەسەڵات لە گەلەوە سەرچاوە دەگرێت و بۆ خزمەتی گشتی بەكار دەهێنرێت؛ كەواتە هەر پەككەوتنێك لەم ئەركەدا، پێشێلكردنی ڕاستەوخۆی ئەو ڕەوایەتییە دەستوورییەیە.
دادگای باڵای فیدراڵی لە چوارچێوەی پاراستنی سەقامگیریی دەستووری و بە پشتبەستن بە ماددەی (٩٣)ی دەستوور، دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی ئەو ناكۆكییانەی هەیە كە دەبنە هۆی پەككەوتنی دەوڵەت. ئەگەرچی ماددەی (٦٤)ی دەستوور میكانیزمی ئارەزوومەندانەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی دیاری كردووە، بەڵام دادگای فیدراڵی بە پشتبەستن بە پرەنسیپەكانی دادوەریی دەستووری دەتوانێت بە بڕیارێكی چارەسەركار دەستوەردان بكات؛ بەتایبەت كاتێك پەرلەمان خۆی دەبێتە بەربەست لەبەردەم بەردەوامیی ژیانی گشتی و سەلامەتیی سیستەمی سیاسی.
لە ڕووی دارایی و ئیدارییەوە، وەرگرتنی مووچە و دەرماڵە لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە لە كاتێكدا هیچ بەروبوومێكی یاسادانانیان نییە، پێچەوانەی بنەماكانی دادپەروەریی دارایی و سەرفكردنی سامانی گشتییە بەپێی یاسای كارگێڕیی دارایی (ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩). لێرەدا دادگا دەتوانێت بە پشتبەستن بە ماددەی (١٣) كە دەستوور بە باڵاترین یاسا دادەنێت، بڕیاری سڕكردنی دەرماڵە دارایییەكان بدات یان لە حاڵەتی پابەندنەبووندا، بەپێی دەسەڵاتی پاراستنی سیستەمی سیاسی، خولی پەرلەمان بە پەكخراو بناسێنێت و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات.
بە كورتی، پاراستنی سیستەمی سیاسی لە سەرووی پاراستنی دامەزراوە پەكخراوەكانەوەیە. كاتێك پەرلەمان دەبێتە هۆكاری قەیران نەك چارەسەری قەیران، دادگای فیدراڵی وەك پاسەوانی دەستوور، بەرپرسیارێتیی یاساییی كەوتووەتە سەرشان بۆ ئەوەی بە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە، كۆتایی بەو بەتاڵییە دەستوورییە بێنێت و پرۆسەكە بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەكەی، كە دەنگدەرە. ئەركی دادگا لێرەدا تەنها ڕاڤەكردنی دەقەكان نییە، بەڵكو گەڕاندنەوەی شەرعییەتە بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت.































































