ئه شقی ملا شیرۆكی
ئەگەرچی دووەمین کۆربەندی نێودەوڵەتی دێلفی بە ناوی ئابووری، وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕێکخرابوو، بەڵام لە ڕاستیدا زیاتر لەوەی مەیدانێک بۆ گفتوگۆ و دروستکردنی ئەنجام بێت، بووە شانۆیەکی سیاسی بۆ خۆدەرخستن و دروستکردنی وێنەیەکی دەسەڵاتدار.
لە کاتێکدا کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەقینە پێویستی بە پڕۆژە ئابوورییە گەورەکان، چاکسازییە دارایییەکان، هاندانی وەبەرهێنان و دۆزینەوەی چارەسەری کێشە هەستیارەکانی خەڵک هەیە، کۆربەندی دێلفی نە توانی هیچ بڕیارێکی جددی، هیچ پڕۆژەیەکی گۆڕانکار و هیچ ڕێککەوتنێکی جێی سەرنج پێشکەش بکات. ئەوەی ماوەوە تەنها وتار و دروشم و وێنە و ڤیدیۆی پرۆتۆکۆڵی بوو.
زۆرێک لە چاودێران ئەوەیان تێبینی کرد کە هەموو ئاماژەکان بەرەو تاک و خێزان و دروستکردنی کەشێکی کەسایەتی ئاراستە کراون، نەک بەرەو دامەزراوە و سیستمی حکومڕانی. کاتێک ڕووداوێکی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای خۆپەرستی سیاسی و پیشاندانی هێز دروست بکرێت، بە ناچاری ناوەڕۆک و ئەنجامەکان لە پەراوێزدا دەمێننەوە.
لە هەمان کاتدا، هەندێک لە وتار و هەڵوێستەکان بە شێوەیەک پێشکەش کران کە وەک هەوڵێک بۆ لاوازکردنی هەندێک لە دەسکەوتە مێژووییەکانی گەلی کورد دەهاتە بەرچاو. دەسکەوتەکانی پێشمەرگە، خەباتی نەتەوەیی و قوربانییە گەورەکان، سەرمایەی هاوبەشی هەموو کوردستانن و نابێت ببنە قوربانیی ململانێی سیاسی و هەوڵی دروستکردنی پاڵەوانی نوێ.
ئەوەی زیاتر جێی سەرنج بوو، ئەو دیمەنە بوو کە تێیدا دامەزراوە فەرمییەکانی وڵات بە تایبەتی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، ئەو شوێن و قورسایییەی پێویست نەبوو هەیان بێت. ئەم دیمەنە بۆ زۆرێک پرسیارێکی سیاسیی گرنگی دروست کرد: ئایا ناوەندی بڕیاردان دامەزراوەکانن یان تاکەکان؟
کۆربەندی دێلفی دەبوو ببێتە پلاتفۆرمێک بۆ نیشاندانی هێزی ئابووری کوردستان و جێگیرکردنی پێگەی هەرێم لە ناوچەکەدا، بەڵام لە کۆتاییدا زیاتر وەک مەکتەبێکی سیاسی بۆ خۆدەرخستن و دروستکردنی دیمەن مایەوە. ئەگەر ڕووداوێک هەموو وزە و ئاماژەکانی بەرەو خۆویستی، خۆپەرستی و دروستکردنی کەشێکی سیاسی ئاراستە بکات، بە سەختی دەتوانێت بەرهەمی ئابووری و ستراتیژیی هەبێت.
بۆیە زۆرێک لە چاودێران وایان دەبینن کە ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆربەندانە، ئەگەر لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و پەرەپێدانی ئابووری نەبن، جگە لە بەفیڕۆدانی کات، پارە و سەرنجی گشتی هیچ دەسکەوتێکی ڕاستەقینەیان نابێت. کوردستان پێویستی بە سیاسەتی بەرهەمهێنەر هەیە، نە بە نمایش؛ پێویستی بە بڕیار هەیە، نە بە وێنە؛ و پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز هەیە، نە بە دروستکردنی پاڵەوانی دەستکرد.
مێژوو بە دروشم و شانۆی سیاسی نانوسرێتەوە؛ بە دەسکەوت، بڕیار و خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتی دەنووسرێتەوە


































































