رۆژان قیاس – زاری كرمانجی:
ساڵانە لە سەرەتای مانگی نۆ لە دەستپێكی سەری ساڵی خوێندن، باوان دەست بە كڕینی جلوبەرگی قوتابخانە دەكەن بۆ قوتابییەكانیان، بەشێك لە دایك و باوكی قوتابیان گلەیی لە بەرزی جلوبەرگ و پێداویستەكانی خوێندن دەكەن و داواكارن لەو كاتانە حكومەت چاودێری بازاڕ بكات.
فەرید حسن بەگ، خاوەن دوكانی پێداویستی و جلوبەرگی قوتابخانەیە، بە زاری كرمانجی گووت” ئەمساڵ گۆڕانكاریەكی وا بەسەر نرخی پێداویستییەكانی قوتابخانەدا نەهاتووە، تەنیا دوو هەزار بەرز بۆتەوە، ئەوەش بەهۆی گۆڕانی نرخی دۆلار بووە”.
ئەم خاوەن دوكانە ئاماژەی بەوەشكرد ” وەكو هەموو كات جلوبەرگی یەك پۆشی قوتابیانی قۆناغی باخچەی ساوایان، پەمەی و شین و رەساسی، قۆناغی بنەڕەتی رەساسی و سپی، قۆناغی ناوەندی نیلی و سپی، قۆناغی ئامادەیی رەش و سپی دەبن”.
گووتیشی” حكومەت هیچ چاودێریەكی دانەناوە بۆ بازاڕی پێداویستەكانی قوتابخانە، بۆیە بازار ئازادە لەوەی كەلوپەلی كوالێتی باش یا خراپ بهینێت و نرخی گران یا هەرزان دابنێت”.
دایكی یەكێك لە قوتابییەكانیش كە نەویویست ناوی ئاشكرا بكرێت، دەڵێ:”ساڵانە خەمی دابینكردنی جلوبەرگ و پێداویستی قوتابخانەین بۆ منداڵەكانمان، چونكە نرخەكان زۆر بەرزن و كاریگەری لەسەر بژێوی ژیانمان دەبێت، بەڵام ئیدی ناچارییە دەبێ ئەو پێداویستیانە بۆ منداڵەكانمان دابین بكەین، بۆیە داواكارین لە حكومەت لەو كاتانە زیاتر چاودێری بازاڕ بكات”.