زاری كرمانجی :
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی “الشرقیە نیوز” ئاشكرای كرد كە ئەمەریكا بە هەموو شێوەیەك پێداگرە لەسەر داماڵینی چەكی گرووپەكان، چونكە پێیان وایە ئەو چەكانە دژی ئەوان و وڵاتانی كەنداو وەك هاوپەیمانانی ئەمریكا بەكارهاتوون.
فوئاد حوسێن دەشڵێت “عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق خۆی بە شەخسی دانوستان لەگەڵ گرووپەكاندا دەكات،” ئاماژەی بەوەش دا كە دۆسیەی داماڵینی چەك پێویستی بە پلان، دیاریكردنی وادەی زەمەنی و لێكتێگەیشتنی هەرێمایەتی هەیە.
وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕەخنەی لەوەش گرت كە زۆرێك لەم گرووپانە باڵی سیاسییان هەیە و لە حكومەتدا بەشدارن، لە كاتێكدا ناكرێت لایەنێك بەشێك بێت لە حكومەت و خاوەنی چەكیش بێت لە دەرەوەی دەوڵەت.
سەبارەت بە ناسنامەی گرووپەكان، وەزیری دەرەوە ڕوونی كردەوە كە “لایەنی ئێرانی و گرووپەكانیش خۆیان وەك بەرەی مقاوەمە دەبینن، ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە و پێویستی بە پێناسەكردنەوە هەیە.” گوتیشی “ئەگەر ئەمانە مقاوەمەی هەرێمایەتین، ئەوا سەر بە ئێرانن و پەیوەندییان بە عێراقەوە نییە، وە ئەگەر مقاوەمەیەكی نیشتمانیی عێراقیشن، ئەوا ئێمە بەشێك نین لە شەڕ و پێویستمان بە مقاوەمە نییە.”

































































