زاری كرمانجی :
سیاسەتمەدارێكی عێراقی، پەیامێك ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات و دەڵێت “ئەوانەی شەرم لە دەڵاڵی و فرۆشتنی خەباتی پێشمەرگە ناكەن (تۆ) و سەروەری عێراق و حكومەتەكەشت بە هەرزانترین نرخ دەفرۆشن.”
میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری عێراقی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كومەڵایەتی (ئێكس) پەیامێكی ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكە كرد و هەڵوێستی خۆی لەسەر دۆخی سیاسی و هەڵمەتەكانی دژە گەندەڵی خستووەتە ڕوو .
ئالووسی لە پەیامەكەیدا جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەڵمەتی دژە گەندەڵی و هەماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر كردەوە و هۆشداریشی دا لە پیلانی گەندەڵكاران و مافیاكانی ماددەی هۆشبەر.
ئالووسی دەڵێ “هەمووان بە بایەخەوە چاودێریی دۆخەكە دەكەین، هەندێك لە خەڵك تۆیان خۆش دەوێت و هیوای سەركەوتنت بۆ دەخوازن و هەندێكی دیكەشیان هەرگیز هیوای ئەوە ناخوازن كە سەركەوتوو بیت.”
هاوكات ئالووسی دەستپێشخەری و لێكتێگەیشتنەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی بۆ كاری هاوبەش بە بەرز نرخاند و ڕایگەیاند “ئەم پێشكەوتنە لە پەیوەندییەكان، مافیاكانی ماددەی هۆشبەری كاپتاگۆن و گەندەڵكارانی تووشی شڵەژان و ترس كردووە.”
ئالووسی هۆشداریش بە زەیدی دەدات و دەڵێ “زۆر وریایە ستەمكاران هەوڵ دەدەن تۆ و حكومەتەكەت بخەنە هەڵەوە.”
ئەوەشی خستووەتە ڕوو “ئەوانەی شەرم لە دەڵاڵی و فرۆشتنی خەباتی پێشمەرگە ناكەن، تۆ، سەروەری عێراق و حكومەتەكەشت بە هەرزانترین نرخ دەفرۆشن.”































































