ئێحسان سید كریم
لە جیهانێكدا كە هاوسەنگییە سیاسی و ئەمنییەكان بە خێراییەكی بێپێشینە دەگۆڕێن و ناوچەكە بە قۆناغێكی ئێجگار هەستیاردا تێدەپەڕێت، پێویستە بە دیدێكی واقیعی و نیشتمانییەوە سەیری ڕووداوەكان بكرێت. لەم كاتەدا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان تەنها دەزگایەكی سەربازی نییە، بەڵكو كۆڵەكەیەكی سەرەكیی مانەوەی قەوارەی دەستووری، ئارامی و داهاتووی خاكەكەیە. پشتیوانیكردن لە مانەوە، بەهێزكردن و یەكخستنی ئەم هێزە نیشتمانییە پێویستییەكی حەتمییە، چونكە پاراستنی ئەزموونی كوردستان بەبێ بوونی پێشمەرگە مەحاڵە.
مێژووی دوور و نزیك سەلماندوویەتی كە پێشمەرگە هەمیشە قەڵغانی بەرگری بووە لە دژی هەموو جۆرە تیرۆر و داگیركارییەك. لە جەنگی دژی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشدا، كاتێك زۆربەی هێزەكان پاشەكشەیان كرد، پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەفسانەی تاریكی تێكشكاند و بووە پارێزەری سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەكان بەبێ جیاوازی. بوونی ئەم هێزە نیشتمانییە زامنی سەرەكییە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە ئارامیدا بژین و پرۆسەی ئاوەدانی و گەشەپێدان بەردەوام بێت.
لە كاتێكدا دەوروبەر بەدەست ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە دەناڵێنێت، لاوازكردنی پێگەی پێشمەرگە یان پشتگوێخستنی، ڕاستەوخۆ دەرگا بۆ ناسەقامگیری و مەترسی گەورە دەكاتەوە. پێشمەرگە فاكتەری هاوسەنگیی هێزە لە ناوچەكەدا و جێگەی متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. هەر بۆیە، ئەركی لەپێشینەی حكومەت و لایەنە سیاسییەكانە كە هەموو جیاوازییەك وەلابنێن و هەوڵەكانیان بۆ پڕچەككردن، مەشقپێكردن و مۆدێرنكردنی ئەم هێزە سەربازییە لە چوارچێوەی هێزێكی نیشتمانیی یەكگرتوودا چڕ بكەنەوە. پشتگیریكردنی پێشمەرگە تەنها دروشم نییە، بەڵكو ئەركێكی باڵای نیشتمانی و ویژدانییە، چونكە ئاسایشی ئەمرۆ بەرهەمی قوربانیدانی ماندوونەناسی ئەو هێزەیە كە هەمیشە لە سەنگەرەكانیاندان.































































