رێبوار حەمەلاو شوانی
لەو كاتەوەی گەلی كورد وەك نەتەوەیەكی ڕەسەن چەكی شەرەف و پێشمەرگایەتی كردۆتە شان لە پێناو پارێزگاریكردن لە كوردبوون و ڕزگاری و ئازادی خاك و نیشتمانی، داگیركەران و دوژمنانی كوردستان، چەكی كۆمەڵكوژ و تۆمەت بەخشین و چەواشەكاری و سیناریۆ و پیلانگێری قڕێژ نەماوە لە دژی نەگڕنەبەر بۆ ئەوەی لەو بیرباوەڕ و ئامانجەی كە خەباتی بۆ دەكات و خوێن و گیانی لە پێناویدا دەبەخشێت پاشگەز بكرێتەوە و كاروانی كوردایەتی و گەیشتن بە ئامانجە گەورەكەی كە مافی سەربەخۆییە بیوەستێنن .
بۆ گەلی كورد، خودی ناسمانەی كوردبوون و پێشمەرگەبوون هەمیشە هۆكارێكی سەرەكی بووە بۆ سزادان ، ئەوەش كێشەیەكی گەورەی سیاسی و دیموگرافی بووە لە دیدی دوژمنان و ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بە هەموو كەس و لایەنە میراتگرەكانی ئێستاشەوە، كە پێوەستی بە كۆمەڵكوژكردن و قڕكردن و سڕینەوەیان بۆ لەناوبردنی كورد و پێشمەرگە وەك كۆسپێكی گەورە لە بەردەم پیلان و خەونەكانیان گڕتۆتەبەر،
بەڵگەی سەرەكیش هەموو هێرش و لەشكركێشیی و پەڵاماردانە سەربازییەكانی عێراق لە رابردوو و ئێستاشدا بەشێوازی جیاواز دژی كوردستان و پێشمەرگە بە روونی بەرجستەكراوە، چونكە ئەوان هەمیشە كورد و پێشمەرگە بە یاخی بوون و تێكدەر ناویان بردووە، بە پێی قۆناغ و دەرفەتەكان هەردەم بە سیناریۆی قۆناغ بە قۆناغ كاریان كردووە بۆ لێدان و نەهێشتن و گەمارۆدان و لە رابردووش وێرانكاری گوندەكان و كۆمەڵكوژی و زێندەبەچاڵكردن بەڕێگەی بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو، گەلی كورد و پێشمەرگە قوربانیی زۆریان دا ، بەڵام ئەم خۆڕاگری و بیروباوەرە پتەوەوە ڕێگەیان نەدا خەونی ناحەزانی كورد بێتەدی .
ئەگەر دوێنی ڕژێمەكانی عێراق، چەكی كۆمەڵكوژیان بە تاوانی كوردبوون و پێشمەرگەبوون هەوڵی لەناوبردنیان دا، ئەوەتا دەسەڵاتی ئێستاش بە پاڵپشتی دەرەكی بە هۆی كوردبوون و پێشمەرگەبوون و پاساوی دیكەی سیاسی و ئایدۆڵۆژی و تۆمەتی هەڵبەستراو، شێوازی جیاواز بۆ لاوازكردنی دۆزی كورد و قەوارەی كوردستان یان گڕتۆتەبەر بۆ ئەوەی ئیرادە و باوەربوونی لاواز بكەن، سەرەڕای سیاسەتی بەعەرەبكردن و بەكارهێنانی هەندێك لایەنی زمان كورد بۆ داگیركردنی ناوچە كوردستانییەكان و بەتایبەتی كەركووك و خانەقین و شەنگاڵ و بەشێكی دیكەی نەینەوا، ئێستاش خەونی گۆڕینی دیمۆگرافیا و ڕاگواستن و داگیركردنی موڵك و سامانیان دەبینن و كاری لە سەر دەكەن، مەبەستی سەرەكییش بوونی كوردبوون و پێشمەرگەیە وەك قەڵغانی پارێزگاری قەوارەی كوردستان و دەستكەوتەكانی كە دەیان ساڵە ناحەزانی كوردستان بە هەموو توانایەكەوە هەوڵی لەناوبردنی دەدەن بەڵام باوەری كوردبوون و پێشمەرگە ڕێگر بووە.
بەسەرنجدان و هەڵوەستەكردن لەسەر ئازارەكانی و دوژمنانی پێشمەرگە كە مەرام و خەونی نەیاران دیار و شاراوە نیە ، هەموو ئەو هەوڵانە بەردەوامی سیاسەتی نكۆڵیكردن و چەواسەندنەوەی بە شێوازی سیاسی و بەئامانجگرتنی نەتەوەیی، خەونێ بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیی و سزادانی بەكۆمەڵ، هەموو ئەو هەوڵانەی دوێنی بۆ ڕاگڕتنی كاروانی خەبات لە پێناو ئازادی و مێژووی ئێستای دژایەتیكردن و پەلاماردانی كوردستان و پێشمەرگە بۆ ئەوەیە كوردبوون و كوردستانیبوون لاواز و بەئامانج بگیرێت و پێشمەرگەش هێزێكی خۆڕسك و داكۆكیكار و بەرگریكاری دۆزی نەتەوەیی كە چەندین جار ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژیی و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەكەی بۆتەوە بۆ ئەوەی دەستبەرداری شوناسی كوردبوونی بێت، بەڵام تا پێشمەرگە مابێ خەونی نەیارانی كورد نایەتەدی.































































