ن/ موشیر فارس
ستاتۆی هەرێمی کوردستان بە صەدەقە و تکا و نزای کەس نەهاتۆتە بوون، تا بە هەڕەشەی نێردەو گەڤ و گیفی بێبنەما و دروستکردنی پەیکەرێک لە مۆتەکەی ترسی لەناوبردن، ئینجا خۆی لە سەرپێی ڕاگرتبێت.
ململانێ ناڕەواکانی ناوخۆ، کە دەرهاوێشتە نەخوازراوەکانی دوا پڕۆسەی هەڵبژاردنن و بۆ زۆرێک لە نەیارانی پارتیش شۆکهێنەر و چاوەڕواننەکراووبوون، دەهۆڵی بنکۆڵبوونی قەوارەی کوردستان دەکوتن و بە خەیاڵی ئەو وەهمەی پارتی و بارزانی ناچار بە چۆکدادان بکەن، لە بەرامبەر خواست و خەونە ناکامەکانیان کە زیاتر لە نیو سەدەیە قژی ڕەشی بێ هودەیی تێدا سپی دەکەن.
لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان تەون و تەڵە، پیلان و چاڵهەڵکەندن، چی لەسەر ئاستی هەرێمی یان دەسیسە دەسپیسەکانی ناوخۆ نەیانتوانی بە زەڕەیەکیش دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان لە سەرجەم بیاڤەکانی پێشکەوتندا بەرەو دواوە بگێڕنەوە، تازە بە تازە قەوارەیەک کە سەرۆک بارزانی ڕێبەر و کاریزمای بێ و پێشمەرگە و دڵسۆزانی نیشتمان سپەری پاراستنی بن، هەرگیز ناگەڕێتە دواوە و ئەو خەون و تەوژمە پۆپۆلیستیەش کە لە هەناویدا دەیان حیلە و فێڵ نەک پەرۆشی ڕاستەقینە خۆی مەڵاسداوە، دەبێتە بڵقی سەرئاو و کوردستانیش سەربەرزانە لێ دەردەچێ.
جوگرافیا و سەرزەمینێک کە دابەشکراوی نێو حەز و تەماعەکانی چوار وڵاتی داگیرکەری ئەنگێزە شۆڤینی و فاشیستانە بێت، ئەکید مۆتەکەی مەترسیش لە ئارادا دەبێت. بەڵام کارایی بێ چەندوو چونی کەناڵە دیبلۆماسیەکان و ڕەوایەتی دۆزی خەڵکی کوردستان، بە پێچەوانەی ئەو تەوژمە ناوخۆییە بە ناو ڕۆشنبیرەی، کە لە بنەڕەتدا حزبین و لە پەراوێزی دەربڕینی ڕای ئازاد و بەناو خەمخۆرانەدا، هەندێکجار خەڵکی خۆشمان لە پێگەی جیاوازەوە دەکەونە داوی ، خەریکە پانتاییەکی بێ واتا لە دڕدۆنگی لە سایکۆلۆجیای کوردەواری دەچێنن و بە ناوی دڵسۆزیەوە مێشیش دەکەنە گامێش.
لە کامە پنتی جیهانی مۆدێرن و مەوداکانی گەمەی دیموکڕاسیدا ڕەوایە هێزێک ئیستحقاقی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسیەکانی خۆی، کە بەرەنجامی باوەڕی ڕێکخستن و خەڵکی خۆیەتی بکاتە قوربانی بە ناو سازان لە ترسی ترازان.
ئەو ترازانەی کە هەڵگری خەسڵەت و ماکەکانی ئەگەر بۆ من نەبێت لە تۆشی تێکدەدەم، کە ئەو لۆژیکە هی خۆ هەڵدێرانە بەرەو نادیار و هەر تەسلیمبونێکیش لە ژێر هەر تایتڵێکی جۆراو جۆرەوە بێت بە ئەندازەی ئەو ڕاستەقینەیەی سفر کردنەوەی باوەڕە بە بنەماکانی دیموکراسی، بێ هیواکردنی دەنگدەر و کوردستانیانیشە بە ئەنجامەکانی پڕۆسەکانی هەڵبژاردن.































































