زاری کرمانجی
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرای کردووە کە تەنها لە مانگی ئایاری ٢٠٢٦، لانی کەم ٨٠ بەندکراو لە بەندیخانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسێدارەدراون، کە ١٧ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ژمارەی لەسێدارەدانەکان بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو ٥١٪ کەمی کردووە، چونکە لە ئایاری ٢٠٢٥دا لانی کەم ١٦٣ بەندکراو لەسێدارەدرابوون.
هەنگاو دەڵێت، ناسنامەی ٧٦ لە قوربانییەکان ئاشکرا کراوە و هێشتا بەدواداچوون بۆ ناساندنی سێ کەسی دیکە بەردەوامە. لە نێوان لەسێدارەدراوەکاندا ژنێکی ٢٨ ساڵە بە ناوی ئەسماع زارعیش هەبووە کە بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” لە بەندیخانەی ناوەندی ئەردەبیل سزاکەی بەسەردا جێبەجێ کراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە نەبوونی شەفافیەت کراوە، چونکە لە کۆی ٨٠ حاڵەتی لەسێدارەدان، تەنها ١٥ حاڵەت (١٩٪) لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی ئێرانەوە ڕاگەیەندراون. هەروەها ڕێکخراوی هەنگاو ئاشکرای کردووە کە ١٩ بەندکراو بە شێوەی نهێنی لەسێدارەدراون، بەبێ ئەوەی بنەماڵەکانیان پێشتر ئاگادار بکرێنەوە یان مافی دواجار چاوپێکەوتن لەگەڵیان پێبدرێت. ڕێکخراوەکە ئەم کردارە بە پێشێلکردنی ئاشکرای بنەڕەتەکانی مافی مرۆڤ دادەنێت.































































