ڕائیب زراری -مێرگەسۆر:
بەفر و باران زیانێكی زۆری بە ڕێگەوبانەكانی مێرگەسۆر گەیاندووە، وەكو بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی ئەو سنوورە، دەڵێت، زەرەر و زیانەكان 500 بۆ 600 ملیۆن دینار دەبن.
ئەندازیار ڕزگار دۆڵەمەری، بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: ئەمساڵ بەهۆی بارینی بەفر و بارانێكی زۆر لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، زۆرێك لە ڕێگەوبانەكانی سەرەكی و لاوەكی تێكچوونە، ئەوەش وای كردووە بەرنامەیەك دابنێین، لە هەمان كاتدا لیژنەیەكیش لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەكەمان پێكهات، ئەو لیژنەیە هەستا بە دەستنیشانكردنی زەرەر و زیانەكانی باران، لافا و بەفر كە بەر ڕێگەوبانەكان كەوتووە، دەرخستە و پاكێجێكمان ئامادەكرد و ڕادەستی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرا، بەپێی دەرخستەكە 500 بۆ 600 ملیۆن دینار زیان بە ڕێگەوبانەكانی سنووری مێرگەسۆر كەوتووە.
بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، گوتیشی: زۆربەی ڕێگەسەرەكییەكان و لاوەكییەكان ئەگەر بەشێوەی سەرەتاییش بێت ڕێكخستنەوەیان بۆ كراوە، بۆ ئەوەی بتوانین كاریگەری لافاو و باران كەم بكەینەوە و گرفتی هاتووچۆ دروست نەبێت، ئەو هەڵمەتەش لە هەموو شوێنەكان بوو، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی زەرەر و زیان بەر ڕێگەوبانەكان كەوتوونە، بۆیە ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ ئەو ڕێگەوبانانە كردوومانە، هەڵمەتەكەش بەردەوام دەبێت تا بتوانین تەواوی ڕێگەوبانەكان خاوێن بكەینەوە و گرفتی هاتووچۆ نەمێنێت.
































































