غەیدا بێڕۆخی – مامۆستای زانکۆ
ژیان گەشتێکە پڕ لە بەرزایی و نزمایی، خۆشی و ناخۆشی، سەرکەوتن و تاقیکردنەوە. زۆربەی خەڵک لە قۆناغێکدا هەست بە پێویستی گۆڕان دەکەن و ئارەزووی ئەوەیان هەیە ژیانێکی باشتر و پڕبەرهەمتر بژین. ئەم گۆڕانە دەکرێت لە بواری تەندروستی جەستەیی و دەروونی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، یان گەشەپێدانی تواناکانی کەسی بێت.
گۆڕان بەشێکی سروشتی ژیانە و مرۆڤ ناتوانێت خۆی لێی دوور بخاتەوە. بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن بتوانین ئەو گۆڕانانە بەرەو ئاراستەیەکی ئەرێنی و کاریگەر ببەین. لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دەردەکەوێت؛ چۆن دەتوانین گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە ژیانی خۆماندا دروست بکەین و لە کوێوە دەست پێ بکەین؟
یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان دوورکەوتنەوەیە لە هاوڕێ و کەسانێک کە کاریگەری نەرێنی لەسەر بیرکردنەوە و شێوازی ژیانمان دادەنێن. هەندێک جار ئەو کەسانە لە نزیکترین دەوروبەری خۆمان دەبن، بەڵام بەردەوام بوون لەگەڵیان دەتوانێت ڕێگر بێت لە گەیشتنمان بە ئامانج و ویژنی داهاتوومان.
بۆ دروستکردنی ژیانێکی باشتر، پێویستە چەند بنەمایەکی سەرەکی پشتگوێ نەخەین:
ئەگەر ئارەزووی سەرکەوتن و ژیانێکی هاوسەنگت هەیە، پێویستە تەندروستی خۆت بخەیتە سەرەوەی لیستی ئەولەویەتەکانت. تەرخانکردنی کاتی پێویست بۆ خەوتنی باش، خواردنی گونجاو و تەندروست، و بەردەوامبوون لە وەرزشکردن، بنەمای ژیانێکی پڕوزە و چالاکن.
شارەزایان باوەڕیان وایە کە تەندروستی باش، بناغەی گەشەسەندن و سەرکەوتنە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. بۆیە پێویستە هەرگیز پشتگوێی نەخەین، چونکە هیچ سەرکەوتنێک بێ بەهرەمەندی لە تەندروستی ناتوانێت بەردەوام بێت.
ژیانێکی باشتر لە گۆڕانە گەورەکانەوە دەست پێ ناکات، بەڵکو لە هەنگاوە بچووکە بەردەوامەکانەوە دەست پێ دەکات؛ هەنگاوگەلێک کە دەتوانن بە تێپەڕبوونی کات، گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانی مرۆڤدا دروست بکەن.
دووەم: بیرکردنەوەی ئەرێنی هەڵبژێرە
بیرۆکەکانمان ڕۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی داهاتووماندا دەگێڕن. کاتێک بە ئەرێنی بیر دەکەینەوە، هیوامان بەرز دەبێتەوە و زیاتر توانای گەیشتن بە ئامانجەکانمان دەبێت. بەڵام ئەگەر هەموو شتێک قورس و دژوار ببینین و خۆمان بە بیرکردنەوەی نەرێنی سنووردار بکەین، ژیانیش بۆمان سەختتر دەبێت. بۆیە گرنگە مێنتاڵیتی یەکی ئەرێنی و هیوابەخش هەبێت.
سێیەم: ئامانجەکانت بە ڕوونی دیاری بکە
یەکێک لە سەرەکیترین هەنگاوەکانی گۆڕینی ژیان، دیاریکردنی ئامانجەکانە. کاتێک ئامانج و ئاراستەی ژیانت ڕوون بێت، دەزانیت هەوڵ و ماندووبوونت بۆ چییە و بۆ چ مەبەستێک دەڕۆیت. ئامانجی ڕوون و پلانی دروست، ڕێگای سەرکەوتن ئاسانتر دەکات.
چوارەم: کەوتن بە هەلی فێربوون بزانە
سەرنەکەوتن بەشێکی سروشتی ژیانە. مرۆڤ ناتوانێت لە هەموو هەنگاوێکدا سەرکەوتوو بێت. بەڵام گرنگ ئەوەیە کە کەوتن نەک بە کۆتایی ڕێگا، بەڵکو بە دەرفەتێک بۆ فێربوون و گەشەکردن ببینرێت. ئەو کەسانەی لە هەڵەکانیان فێردەبن، زیاتر خۆراگر و بەهێز دەبن و بەرەو پێش دەچن.
پێنجەم: لێبوردەیی فێربە
یەکێک لە باشترین ڕێگاکانی ئارامی دەروونی، لێبوردەییە. نابێت دڵمان پڕ بێت لە کینە و ڕق، چونکە زیانی سەرەکی بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە. باشتر وایە هەڵسوکەوتە خراپەکان بۆ دادپەروەری ژیان و خودای گەورە بەجێبهێڵین و خۆمان بە لێبوردەیی و دڵپاکی ڕابێنین.
شەشەم: بەردەوام سوپاسگوزار بە
سوپاسگوزاری و قەناعەت، هەستی خۆشبەختی زیاد دەکەن. کاتێک سەرنجی نیعمەت و دەستکەوتەکانمان دەدەین، بە ئەرێنیتر لە ژیان دەڕوانین. ئەم شێوازەی بیرکردنەوە هێز، ورە و مۆتیڤەیشن مان بەرز دەکاتەوە.
حەوتەم: کات بە باشی بەڕێوەبەرە
کات یەکێکە لە بەهادارترین سەرچاوەکانی ژیان. بەڕێوەبردنی دروستی کات وا دەکات بتوانین کاتێکی گونجاو بۆ کار، پشوو، فێربوون و ژیانی تایبەت تەرخان بکەین. ئەو کەسەی کاتی خۆی بە باشی بەڕێوە دەبات، زۆرتر لە ئامانجەکانی نزیک دەبێتەوە.
هەشتەم: لەگەڵ سروشت پەیوەندی هەبێت
سروشت کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئارامی دەروون و خۆشگوزەرانی هەیە. ڕۆیشتن بۆ شوێنە سەوزەکان، گەشت و سەیران، یان دانیشتن لە پارکێک دەتوانێت هەستی تەنیایی، ماندووبوون و پەشۆکیمان کەم بکاتەوە. زانستی سایکۆلۆجی (Psychology) ئەم کاریگەرییە ئەرێنییە پشتڕاست دەکاتەوە.
نۆیەم: تەکنەلۆجیا بە وشیاری بەکاربهێنە
تەکنەلۆجیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە بەشێکی گرنگ لە ژیانی ڕۆژانەمان. بەڵام پێویستە بە ئاکامی زانستی و بە وشیاری بەکاریان بهێنین. نابێت وا بکەین هەموو کاتمان لەسەر شاشەی مۆبایل و ئینتەرنێت بەسەر بچێت، چونکە هاوسەنگی نێوان ژیانی ڕاستەقینە و جیهانی دیجیتاڵ زۆر گرنگە.
دەیەم: داوای یارمەتی بکە
داواکردنی یارمەتی نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو نیشانەی هۆشیاری و هێزە. کاتێک تووشی کێشە یان ئاستەنگێک دەبین، دەتوانین پشت بە خێزان، هاوڕێیان یان شارەزایان ببەستین. یارمەتی و ڕاوێژکاری زۆرجار دەرگای چارەسەرێکی باشتر لەبەردەمدامان دەکاتەوە.
کۆتایی
گۆڕینی ژیان پڕۆسەیەکی خێرا نییە، بەڵکو گەشتێکە پێویستی بە ئارادە، پەیوەستبوون و باوەڕ بە خۆ هەیە. هەنگاوە بچووکەکان ئەگەر بەردەوام بن، دەتوانن گۆڕانکارییەکی گەورە لە داهاتوودا دروست بکەن. بۆیە ئەمڕۆ دەستپێبکە، چونکە باشترکردنی ژیان بە یەک هەنگاوی بچووک دەست پێ دەکات































































