زاری كرمانجی-سۆران:
ئەمرۆ پێنجشەممە (٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، جیهانی ئیسلامی و ناوەندە ئایینییەکان یەکێک لە گەورەترین زانا و مەرجەعەکانیان لەدەستدا، کاتێک شێخ محەمەد ئیسحاق فەیاز، پاش ماوەیەکی درێژ لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، نووسینگەی تایبەتی شێخ فەیاز هەواڵی کۆچی دوایی ئەم کەسایەتییە ئایینییەی پشتڕاستکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ژیانی پڕ لە بەخشش و خزمەتی ناوبراو و ئاماژە بەوە کراوە کە شێخ فەیاز تەواوی تەمەنی تەرخان کردبوو بۆ خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، وتنەوەی زانستە ئیسلامییەکان، هەروەها پێگەیاندنی دەیان زانا و پەروەردەکار، هاوکات ڕۆڵێکی باڵای هەبووە لە بڵاوکردنەوەی مەعریفەی (ئەهلی بەیت) و شیکردنەوەی وردی حوکمەکانی شەریعەت.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی نووسینگەی مەرجەعەکەدا هاتووە؛ لەدەستدانی ئەم زانا گەورەیە “کەلێنێک و زیانێکی زۆر گەورەیە بۆ حەوزە زانستییەکان و سەرجەم بڕواداران”، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگە بەرز و کاریگەرە زانستی و ئایینییەی کە لە ناوەندە ئیسلامییەکان و بەتایبەتی لە نێو پەیڕەوانی مەزهەبی شیعەدا هەیبووە.
جێی باسە، شێخ محەمەد ئیسحاق فەیاز لە ساڵی ١٩٣٠ لەدایکبووە، بە یەکێک لە دیارترین و پایەبەرزترین مەرجەعە ئایینییەکانی شاری نەجەف و لە گەورەترین زانایانی حەوزەی زانستی دەناسرێت. هەر لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ماڵئاواییکردنی ئەم مەرجەعە باڵایە، لەپای ڕێزلێنان لە پێگە و مێژووەکەی، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاند.





























































