زاری كرمانجی
دوای ئەوەی رۆژی ٢ ئەم مانگە، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق “هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم راگەیاند”، ئەمڕۆ کۆمپانیاکە راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت ” رووبەڕووی ستەم و زۆرداری بووینەتەوە و لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشکراوین”.
رۆژی چوار شەممە، ٣ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە “کۆڕەک لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەی گەیاندنی پەرلەمانی عێراق، رازی بووە بە واژووکردنی گرێبەستی پێکهاتن و دواخستنی داواکارییە یاساییەکانی، بەڵام دەستەکە بە رەتکردنەوەی بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی باج کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، کۆسپی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دروست کردووە”.
“لە رێککەوتی ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، دەستەکە بڕیارێکی زۆردارانەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پێکهاتن دەرکردووە، ئەمەش وەک ڕێخۆشکردنێک بۆ دوورخستنەوەی کۆمپانیاکە لە بازاڕ، ئەم ڕەفتارە نابرپرسیارانەیە زیان بە گەنجینەی گشتیی دەوڵەت و ملیۆنان بەشداربووی کەرتی گەیاندن دەگەیەنێت”.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، کۆڕەک تیلیکۆم “دڵنیایی دەداتە بەشداربووان کە لەپێناو پاراستنی مافەکانیان، پەنا بۆ دادگاکان و هەموو ڕێوشوێنە یاسایی و دەستوورییەکان دەبەین و رێگری دەکەین لە هەر هەوڵێک کە زیان بە مافی بەشداربووان و کۆمپانیاکە بگەیەنێت”.

































































