زاری کرمانجی
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران، ڕایگەیاند، دوای گەیشتنی زانیاری سەبارەت بە هەبوونی دیاردەی داربڕین لە سنووری ناحیەی وەرتێ، تیمەکانی پشکنین و بەدواداچوون دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران، چەند دارێکی تەڕ و بەتەمەن لە ناوچەی چیای دڕەبی، نزیک گۆڕی قەڵاتێ لە ناحیەی وەرتێ بڕدرابوون. هەرچەندە ئەو ناوچەیە بەهۆی هەبوونی چەکدارانی پەکەکەوە ناوچەیەکی مەحڕەم دادەنرێت، بەڵام دوای بەدواداچوونی ورد و بە پشتبەستن بە فەرمانی فەرمی جێگرایەتی داواکاری گشتی ڕەواندز، بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی وەرتێ ئەرکی لێکۆڵینەوەی کەیسەکەی گرتە ئەستۆ.
ئاماژەبەوەشدراوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، دوو کەس وەک تۆمەتبار دەستنیشان کران و دواتر دانیان بەوەدا نا کە هەڵساون بە بڕینی چەند دارێک لەو شوێنە. بەپێی بڕیاری دادوەر، هەردوو تۆمەتبارەکە لە ئێستادا ڕاگیراون و پرۆسەی یاساییان بەرامبەر دەدرێتە پێش.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران لە کۆتاییدا بانگەوازی کردووە بۆ هاوڵاتیان کە دووربکەونەوە لە بڕینی داری تەڕ و هەر کردارێک کە ببێتە هۆی تێکدانی ژینگە، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی سزاکانی یاسایی نەبنەوە.

































































