زاری كرمانجی :
دەسەڵاتی گشتیی فڕۆكەوانیی شارستانیی كوەیت، ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026 لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕاگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی تا كاتێكی نادیار ڕاگەیاند.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات كە یەكێك لە بیناكانی تێرمیناڵی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی كوەیت، لەلایەن چەندین درۆن و مووشەكی ئێرانییەوە كرایە ئامانج، كە بەپێی ڕاگەیەندراوی دەسەڵاتدارانی فڕۆكەخانەكە، هێرشەكە برینداربوونی چەندین كەس و زیانی گەورەی بە دۆخی ناوخۆیی و دامەزراوەكانی فڕۆكەخانەكە گەیاندووە.
هاوكات سەركردایەتیی گشتیی سوپای كوەیت ڕایگەیاند “سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەكەمان توانیویەتی بەرپەرچی هێرشە مووشەكی و درۆنییە دوژمنكارییەكان بداتەوە كە ئاسمانی كوەیتیان كردبووە ئامانج.”
لە لایەكی دیكەوە، عەقید سعود ئەلعەتوان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی كوەیت، هۆشداریی دایە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی كە بە هیچ شێوەیەك نزیكی ئەو پاشماوە، پارچە و كەرەستە نەناسراوانە نەكەونەوە كە بەهۆی تێكشكاندنی درۆن و مووشەكەكانەوە كەوتوونەتە خوارەوە.

































































