مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای گوشارە بەردەوامەكانی ئەمەریكا و گۆڕانی هەڵوێستی ئێران، حكومەتی عێراق ڕژدە لە سەر هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەكدارە میلیشیاكان و كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، سەرچاوەكانیش ئاشكرای دەكەن كە حكومەت هەڕەشەی لە گرووپەكان كردووە گەر چەك ڕادەست نەكەن، وەك گرووپی تیرۆریستی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
كەناڵی “ئەلحوڕە”ی ئەمەریكی لە زاری چەند سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراقەوە ئاشكرای دەكات كە بەغداد سوورە لەسەر هەڵوێستەكەی و ئاگاداری تەواوی گرووپە میلیشیاكانی دەكاتەوە ئەگەر چەك ڕادەستی دەوڵەت نەكەن، وەك گرووپی تیرۆریستی دەرەوەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
بە گوێڕەی زانیارییەكانی كەناڵی “ئەلحوڕە” كە لە نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی عێراق و چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەرگرتووە “حكومەتی زەیدی ئامادەیە ئاگاداركردنەوەیەكی لەم جۆرە بە میلیشیاكان بگەیەنیت.”
دوێنێ سێشەممە 2ـی حوزەیرانی 2026، هەریەك لە گرووپەكانی (عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلی) كە لە لیستی تیرۆری ئەمریكادان، بڕیاری دانانی چەك و خۆ هەڵوەشاندنەوە و پەیوەندی نەمانیان بە دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیاند.

































































