زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی دەستەی نیشتمانیی بێسەروشوێنكراوان لە سووریا، هەواڵی كوژرانی شەش منداڵەكەی پزیشكی كورد ؛ڕانیا عەباس؛ی بڵاو كردەوە، شەپۆلێكی گەورەی تووڕەیی و خەمباری لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئەو وڵاتە بەداوی خۆیدا هێنا
دكتۆرە ڕانیا، دانیشتووی یەكێك لە گەڕەكە دێرینەكانی شاری دیمەشق بوو، ئەو پزیشكی ددان و لە هەمانكاتیش وەرزشوانێكی ناودار و دیاری شەترەنج بوو لە سووریا و نوێنەرایەتی وڵاتەكەی دەكرد لە پاڵەوانێتییە عەرەبییەكاندا.
دكتۆرە ڕانیا، هێمای درەوشاوەی ناسنامەی كورد بوو لە دڵی پایتەختی سووریادا .
دەستپێكی ئەم چیرۆكە تراژیدیا كە لە ئێستادا هەموو سووریای هەژاندووە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٣، كاتێك دكتۆرە ڕانیا بەهۆی هەستی مرۆڤدۆستی و هەڵوێستە نیشتمانییەكانییەوە، باوەش بۆ ئاوارەكانی شاری حومس دەكاتەوە و لە نەخۆشخانە تایبەتەكەی خۆی لە گەڕەكی “دومەر” داڵدەیان دەدات. هەر بەهۆی ئەم كارە مرۆیییەوە، خۆی و هەر شەش منداڵەكەی دەستگیركران و چارەنووسیان بە نادیاری مایەوە .
بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا و لە دەرەنجامی لێكۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیركراواندا، بەڵگەكان دەریدەخەن ئەو شەش منداڵە بێتاوانە لەلایەن میلیشیا و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەدەوە كۆتایی بە ژیانیان هێنراوە.
حەسەن عەباس، خاڵی منداڵەكان، بە دڵێكی پڕ لە ئازار و حەسرەتەوە بە تۆڕی هەواڵی (بی بی سی)ی بەریتانیی ڕاگەیاندووە كە بینینی گرتە ڤیدیۆیییەكان و پشتڕاستكردنەوەی مەرگی خوشكەزاكانی، ئەو تاقە هیوایەی كوشت كە خێزانەكەیان بۆ گەڕانەوەیان هەیبوو.
عەمار عیسا، بەرپرسی بەڵگەنامە و لێكۆڵینەوە لە دەستەی نیشتمانیی بێسەروشوێنكراوان، ئاماژە بەوە دەكات كە دۆسیەكە لێرەدا دانەخراوە و ڕایدەگەیەنێت “تیمی تایبەتمەند دەستیان بە قۆناغێكی نوێی گەڕان كردووە بۆ دۆزینەوەی ڕووفاتی قوربانییەكان و سەرقاڵی وەرگرتنی پشكنینی (DNA)ن تا بە شێوەیەكی زانستی و كۆتایی ناسنامەی منداڵەكان یەكلایی بكرێتەوە و ڕادەستیان بكرێتەوە.”
چارەنووسی منداڵەكان ئاشكرا كران، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی خودی دكتۆرە ڕانیا عەباس و دكتۆر عەبدولڕەحمان یاسینی هاوسەری بە نادیاری ماوەتەوە، بۆیە چیرۆكی ئەو خێزانە هێشتا كۆتایی نەهاتووە و بە یەكێك لە تاریكترین و تراژیدیترین دۆسیە مرۆیییەكانی مێژووی هاوچەرخی سووریا لە یادەوەرییەكانی مرۆڤایەتی دا بە كراوەیی دەمێنێتەوە .

































































