نوسینی : کرێکار قادر ڕوستایی
لە جیهانی تۆپی پێدا، هەمیشە بڕیارەکانی ڕاهێنەران دەبنە جێگەی مشتومڕی هاندەران و میدیاکان، بەڵام هەندێک بڕیار هەن کە لە سنووری “ڕاوبۆچوونی تەکنیکی” دەردەچن و دەبنە شۆکێکی گەورە. دوورخستنەوەی پیتەر گۆرگیس لە لیستی کۆتایی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکانی مۆندیال، یەکێکە لەو بڕیارە سەیر و چاوەڕواننەکراوانەی کە شەپۆلێکی گەورەی لە سەرسوڕمان و ناڕەزایەتی لەسەر شەقامی وەرزشی عێراق دروست کرد.
ئاستێکی بەرز و جێگیر؛ بۆچی پیتەر شایستەی مۆندیال بوو؟
پیتەر گۆرگیس لە ماوەی ڕابردوودا تەنها یاریزانێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو وەک بڕبڕەی پشتی هێڵی هێرشبەری و داینەمۆی ناوەڕاستی یاریگا خۆی چەسپاندبوو. ئەو بەم تایبەتمەندییانە ناسرابوو:
تەکنیک و دیدی فراوان، توانایەکی بەرزی هەیە لە کۆنترۆڵکردنی ڕیتمی یاری و دروستکردنی هەلی مەترسیدار بۆ هێرشبەران.
کەسایەتی پیتەر گۆرگیس لە ناو یاریگادا، لە قورسترین یارییەکاندا هێمنی و متمانە بەخۆبوونی خۆی دەپاراست، کە ئەمەش ڕێک ئەو خەسڵەتەیە کە لە پاڵەوانێتییەکی گەورەی وەک مۆندیالدا پێویست دەبێت.
ئامادەیی جەستەیی و دەروونی ئەو یاریزانە لەسەر ئاستی یانەکەی و لە یارییە نێودەوڵەتییەکانی پێشووشدا، هەمیشە لەژێر زووم و ستایشی شرۆڤەکاراندا بوو، بڕیارێکی تەمومژاوی و نادادپەروەرانەیە لەدوای ڕاگەیاندنی لیستی کۆتایی هەڵبژاردەی عێراق.
یەکەم پرسیار کە لای هاندەران و چاودێرانی وەرزشی دروستبوو ئەمە بوو: ئەگەر یاریزانێکی ئاست بەرزی وەک پیتەر لە مۆندیالدا نەبێت، کێ شایستەیە لەوێ بێت؟
زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە کە دوورخستنەوەی پیتەر تەنها زیان بە خودی یاریزانەکە ناگەیەنێت، بەڵکو هێڵی هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق لە داینەمۆیەکی بێوچان و کلیلێکی گرنگی سەرکەوتن بێبەش دەکات، لە کاتێکدا کە مۆندیال پێویستی بە یاریزانی خاوەن ئەزموون و بڕیاردەر هەیە، جێهێشتنی ئەستێرەیەکی لەم شێوەیە نیشانەی پرسیارێکی گەورە دەخاتە سەر ستراتیژیەتی دەستەی هونەری.
پیتەر گۆرگیس؛ پاڵەوانێک لە دەرەوەی لیستی هەڵبژاردەی عێراق
هەرچەندە خەونی یاریکردن لە مۆندیال بۆ هەر یاریزانێک لوتکەی سەرکەوتنە، بەڵام مێژووی تۆپی پێ سەلماندوویەتی کە زۆرجار ئەستێرە گەورەکان دەبنە قوربانی بڕیارە تاکەکەسییەکانی ڕاهێنەران. پیتەر گۆرگیس بەهۆی تەمەن و تواناکەیەوە، هێشتا کاتی زۆری لەپێشە. ئەم دوورخستنەوەیە نەک کۆتایی کاروانی ئەو نییە، بەڵکو دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە ئاستێکی بەرزترەوە بگەڕێتەوە و بسەلمێنێت کە شوێنی ڕاستەقینەی ئەو، یاریکردن بوو لە ناوجەرگەی یارییەکانی مۆندیالدا.
لەکۆتاییدا دەڵێم؛ شەقامی وەرزشی و هاندەران بەگشتی پیتەر گۆرگیس ئەستێرەیەکی بێڕکابەر بوو، دوورخستنەوەی لە لیستەکەش نادادپەروەرییەک بوو کە نەدەبوو ڕووبدات. ئێستا فیدراسیۆن و دەستەی هونەری لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدان؛ مۆندیال لوتکەی ڕکابەرییە و جێگەی تاقیکردنەوەی هەڵە نییە، ئایا بەبێ ئەم ئەستێرەیە ئایا بەبێ ئەم ئەستێرەیە دەتوانن متمانەی هاندەران بپارێزن و سەرکەوتووبن یان لە کۆتاییدا ناچار دەبن پەنجەی پەشیمانی بگەزن؟

































































