ئه شقی ملا شیروكی
لە قۆناغێکدا کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە جێگیری سیاسی، یەکڕیزیی نیشتمانی و حکومەتێکی بەهێزتر لە هەر کاتێکی تر هەیە، هێشتا هەندێک لایەنی سیاسی بە هۆی هەژموونی بیرکردنەوەی حیزبی و ململانێی سیاسی ناهێڵن پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بە خێرایی و بە پێی بەرژەوەندیی گشتی بڕواتە پێش.
لە بەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە پێی ڕێنمایی و دەسپێشخەرییەکانی سەرۆک بارزانی، هەر لە سەرەتای دوای هەڵبژاردنەکانەوە ڕێبازی گفتوگۆ و تێگەیشتنی هەڵبژاردووە و هەوڵی داوە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە دەوری بەرژەوەندیی نیشتمانی کۆبکاتەوە. ئەم هەڵوێستە بەردەوامەی پارتی لەوە سەرچاوە دەگرێت کە چارەسەری کێشەکانی هەرێم تەنها بە هاوکاری و هاوبەشبوونی هەمووان دەکرێت، نەک بە دروستکردنی گرێی نوێی سیاسی و قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان.
سەرۆک بارزانی بە درێژایی مێژووی خەبات و ڕابەرایەتی خۆی، هەمیشە جەختی لەسەر یەکگرتوویی هێزە کوردستانییەکان، پاراستنی سەقامگیری هەرێم و چارەسەرکردنی پرسی نیشتمانی بە گفتوگۆ کردووەتەوە. لە هەموو قۆناغە هەستیارەکاندا، ئەو ڕۆڵی سەرەکی لە نزیککردنەوەی بۆچوونەکان و دامرکاندنەوەی ئاڵۆزییە سیاسییەکان بینیوە. ئەمڕۆش هەر بە هەمان ڕوحی بەرپرسیارییەوە هەوڵ دەدات دەروازەی چارەسەر لەبەردەم هەموو لایەنەکان بکاتەوە.
لە هەمان کاتدا، هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆ تەوافوقی سیاسی و چارەسەرکردنی گرفتە هەڵپەسێراوەکان، نیشانەی نیتپاکی و ئامادەیی بۆ هەنگاونان لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتییە. بەڵام ئەم هەوڵانە پێویستیان بە هاوکاری و هەڵوێستی بەرپرسانەی هەموو لایەنەکان هەیە.
لە هەمان کاتدا، دەسپێشخەرییەکانی سەرۆک بارزانی تەنها هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانێکی سیاسیی ئێستا نین، بەڵکو بەشێکن لە دیدگایەکی ستراتیژی بۆ باشترکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی باشتر بۆ هاووڵاتیان. ئەم دەسپێشخەرییانە لە بنەڕەتدا بانگەوازێکن بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان کە بەرژەوەندیی گشتی و داواکارییەکانی خەڵک بخەنە سەر هەموو حیساباتی حیزبی و ململانێی سیاسی. لەبەر ئەوە، پێویستە بە تایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکانی تر بە چاوێکی بەرپرسانە و نیشتمانی لەو هەوڵانە بڕوانن و بە ئەرێنی لەگەڵیان مامەڵە بکەن. قۆناغی ئێستا قۆناغی پێویستبوونی هاوکاری و هاوئاهەنگییە، نەک قۆناغی زیادکردنی ناکۆکی و دروستکردنی بەربەست لەبەردەم چارەسەرییەکان. هەر لایەنێک کە ئامادەیی بۆ گفتوگۆ و تەوافوق پیشان بدات، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری لە پاراستنی جێگیری سیاسی، گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان دەکات.
هەروەها، ڕێزگرتن لە دەسپێشخەرییەکانی سەرۆک بارزانی و هاوکاری بۆ سەرخستنیان، لە ڕاستیدا پشتگیرییە لە پرۆژەیەکی نیشتمانی کە ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێم، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێراوەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاوتر بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت هەموو لایەنەکان بە دوور لە هەر جۆرە حیساباتی تەسکی سیاسی، بە پەرۆشییەوە وەڵامی ئەرێنی بۆ ئەم بانگەوازە نیشتمانییە بدەن و بەشدارییەکی کارا لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو بکەن.
بە داخەوە، هەندێک لێدوان و هەڵوێستی نادروست و نابرپرسانە لەلایەن هەندێک کەسایەتی و لایەنی سیاسییەوە، زیاتر لەوەی یارمەتی چارەسەر بدەن، بوونەتە هۆکاری درێژبوونەوەی قەیران و زیادکردنی ئاڵۆزییەکان. هەندێکیش هەوڵ دەدەن بە دروستکردنی عوقەدی سیاسی و ململانێی ناپێویست، پێکهێنانی حکومەت بخەنە دوادا. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە نە تەنها خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی ناکەن، بەڵکو زیان بە داهاتووی سیاسی و ئابووریی هەرێمیش دەگەیەنن.

































































