ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، “خێزانە نوێیەکان فۆڕمی خۆراکییان بۆ دروست دەکرێت و چەند خزمەتگوزاریێکی تریش کارا دەکرێت”. دەشڵێت، “هەفتەی داهاتوو دەست بەم ڕێکارانە دەکرێت
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “لە هەفتەی داهاتوو بەدواوە فۆرمی خۆراک بۆ خێزانە نوێیەکانیش دروست دەکرێت.” بە گوێرەی زانیارییەکان ئەم بڕیارە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە بازرگانی عێڕاق دەرچووە.
زیادکردنی ناوی منداڵ لە فۆڕمەکانی خۆراک لە هەرێمی کوردستانیش زیادی کردووە. تەنیا سنووری پارێزگای هەولێر ماوە. لەم بارەیەوە نەوزاد شێخ کامیل، ڕایگەیاندووە، “لە هەفتەی داهاتوو زیادکردنی ناوی منداڵ لە پارێزگای هەولێریش دەست پێ دەکات”.
سەبارەت بە گواستنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە، لەم مانگەدا ئەویش دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەمەش بە گوێرەی پلانەکانی وەزارەتی بازرگانی عێڕاقە.
لە ٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، پرۆسەی تۆمارکردن لە فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستی پێ کرد، بەڵام تا ئێستا خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی خێزان و تۆمارکردنی خێزانە تازە پێکهاتووەکان لە ناو سیستەمەکەدا چالاک نەکراون.
پێش جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی خۆراک، ژمارەی وەرگرانی بەشەخۆراک لە هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و ٣٨٦ هەزار و ٥١ کەس بوو. بەڵام بەپێی نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی، ٢٩٤ هەزار و ٤٣٢ هاونیشتمانی لەبەر ئەوەی ناویان لە سیستەمی نوێدا تۆمار نەکردووە، لە وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بێبەش بوون.

































































