عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت زامنی پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکانە.
عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: پێشوازیی لە بڕیاری بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت دەکەین.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەم بڕیارە جەختکردنەوەیە لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەک لە لایەن دەوڵەتەوە، هەروەها دەڵێت: “ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی رۆڵی هێزە چەکدارەکانمان بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە، هەروەها پاڵپشتییەکە بۆ بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکانی گەلی عێراق.”
لە درێژەی پەیامەکەیدا، زەیدی تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەم وەرچەرخانە لەسەر ئاستی بونیادنانی دەوڵەت و نووسیویەتی: “ئەم ئاراستەیە هەنگاوێکی ئەرێنییە کە ڕێڕەوی بونیادنانی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەریی یاسا بەهێز دەکات، هەروەها جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و دامەزراوە فەرمییەکان دەکاتەوە، بەمەش بەشدارییەکی کارا دەکات لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ دەوڵەت و، پاراستنی ئەو دەستکەوتە نیشتمانییانەی کە بە قوربانیدانی سەرجەم عێراقییەکان بەدەستهاتوون.”
عەلی زەیدی، لە پەیامەکەیدا بانگهێشتێکی کراوەی ئاراستەی تەواوی لایەنە سیاسییەکان کرد و رایگەیاند: “داواکارم درێژە بە گفتوگۆ و هاوکاری بدەن و، بە رۆحییەتێکی پڕ لە بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە کار بکەن، پێویستە بەرژەوەندیی عێراق بخرێتە سەروو هەموو تێڕوانین و پاساوەکانی دیکەوە، بە جۆرێک کە سەقامگیری بەهێزتر بکات و ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بکاتەوە.”

































































