عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، پێشوازیی لە بڕیاری بەشێک گرووپە چەکدارەکان بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت دەکات و دەڵێت: ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا.
عەممار حەکیم، پشتیوانی و پێشوازیی تەواوی خۆی بۆ بڕیاری ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسی و چەکدارییەکانی عێراق دەربڕی، سەبارەت بە پچڕاندنی پەیوەندیی هێزەکانیان بە حەشدی شەعبییەوە و ئاراستەبوون بەرەو قۆرخکردنی چەک بە دەست دەوڵەتەوە.
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند: ئەم هەنگاوە یەکانگیرە لەگەڵ دەقەکانی دەستوور، یاسای حەشدی شەعبی و بەرنامەی حکومەتدا.
هاوکات عەممار حەکیم، تیشکی خستۆتە سەر دەرەئەنجامە ئەرێنییەکانی ئەم هەنگاوانە بۆ داهاتووی عێراق و نووسیویەتی: ” ئەم بڕیارانە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێن بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی یاسا، پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی، و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی بە جۆرێک کە ئاسایش و سەروەری بەدی بهێنێت، هەروەها رێگە خۆش دەکات بۆ بونیادنانی عێراقێکی بەهێز کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاراستنی کەرامەتی هاووڵاتیان دامەزرابێت.”
دوێنێ ژمارەیەک گرووپی چەکداری سەر بە ‘بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق’، بڕیاریان داوە لە دەستەی حەشدی شەعبی جیا ببنەوە و چەکەکانیان رادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکەن.

































































