زاری كرمانجی
وەزیری دارایی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبووەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی كردەوە: “ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ( ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ )، بەڕێز ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتۆگۆ لەسەر دواین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هەژماری من کراو جەخت لەسەر خێراترکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆران لە نزیکترین کاتدا کرایەوە.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆ سەر وەزارەتی دارایی کرا کە لە ئێستادا بەچەند قۆناغێک دەستی پێکردووەو بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بەتەواوی پرۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی بکرێت.
هاوکات لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە بە داتاو زانیاری دوواین هەنگاوەکانی پڕۆژەی هەژماری من خرایەڕوو، بەجۆرێک تا ئێستا ١،١٦٨،٠٠٠ هەزار فەرمانبەرو مووچەخۆر تۆمار کراون و زیاتر لە ٨٣٠،٠٠٠ هەزار کارتی بانکی دابەش کراوەو بۆ مووچەی مانگی ئایاریش ٨٠٠،٠٠٠ هەزار کەس لە ڕێگەی ٦٣٥ ئامێری ڕاکێشانی پارە ( ATM ) ەوە مووچەیان وەرگرتووە.
لەئێستادا پڕۆسەی تۆماکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر داهات و پەرەپێدان و میالاکات دەستی پێکردووەو نزیکەی ٥٠ هەزار مووچەخۆر ماون کە خۆیان تۆمار بکەن کە بەشی زۆریان میراتگری خانەنشینن و بەشێکیشیان دانیشتووی دەرەوەی کوردستانن.
هاوکات ئاماژە بەوەشکرا لە کۆی ٤٧٤،٠٠٠ خانەنشین و کەسوکاری شەهیدو سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی تا ئێستا ٤١٨،٠٠٠ هەزاریان تۆمار کراون و ٢٢٠،٠٠٠ هەزار مووچەخۆریشیان کارتی بانکیان وەرگرتۆتەوە.
لەبەشی کۆتایی کۆبوونەوەکە وەزیری دارایی تیمەکەو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەموو هەوڵ و توانای خۆیان لەگەڵ بانکەکان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو کێشەو گرفتانەی لەماوەی ڕابردوو دروست بووە، بەتایبەت کێشەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەو ئەو کێشانەی پەیوەستە بەخانەنشینان لەکاتی وەرگرتنەوەی کارتی بانکەکانیان و میکانیزمی نوێ بۆ تۆمارکردنی ئەو خانەنشینانەی نەخۆش و پەککەوتەن و ناتوانن سەردانی بانکەکان بکەن.






























































