مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند کە پێیوایە موجتەبا خامنەیی، کوڕی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ژیاندا ماوە و لە ئێستادا بەشێوەیەکی کاراتر بەشداری لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵات و دەرکردنی بڕیارە چارەنووسسازەکاندا دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕۆبیۆ لە میانی ئامادەبوونی لەبەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد: “بەڵگە و ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە موجتەبا خامنەیی لە ئاستێکی باڵادا و بە شێوەیەکی فراوانتر لە پێشوو دەستی وەرداوەتە کاروباری سەرکردایەتیکردنی وڵات”.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها گوتیشی: “گەرچی لە ئێستادا سەرجەم پەیام و بەیاننامەکانی بە شێوەی نووسراو و لە ڕێگەی کەسانی دیکەوە دەگەیەنرێن، بەڵام ئەمە ڕاستیی بەشداریکردنی لە بڕیارەکاندا ناشارێتەوە”.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی جیاواز سەبارەت بە تەندروستی و پێگەی سیاسیی موجتەبا خامنەیی لە نێو ناوەندە سیاسی و میدیاییەکاندا بڵاوکرابووەوە.































































