محەممەد مەحموود- زاری کرمانجی :
بەهۆی ئەو کورتهێنانەی لە مووچەی فەرمانبەرانەوە دروست بوو بۆ مانگی 5 و بەغدا پارەکەی بەتەواوی نەنارد وەزارەتی دارایی ناچاربوو بۆ دابەشکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆران و فەرمانبەران، لە داهاتی ناوخۆ ئەو کورتهێنانە پڕبکاتەوە، ئەمەش وایکرد مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دوابکەوێت و ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچەکانیان.
ئەسعەد غەفوور، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە ئیدارەی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست، پەروەردەکانیش هەموویان بەیەکەوە وەک پێشتر مووچەکانیان بۆ خەرج ناکرێت، هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە بەشێک لە پەروەردەکان مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت، بەشێکی تریشیان دەکەونە هەفتەی دواتر.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کودستان رایگەیاند” دەربارەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی گرێبەست ئێستا خەریکین بۆیان ئاماده دەکەین، هەفتەی داهاتوو بەچەند ڕۆژێک دابەشی دەکەین، بۆئەمەش لە گەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ڕێکەوتووین هەر کات دەستمان پێکرد بەچەند ڕۆژێک دابەشکردنی پارەکە تەواو بکەین.

































































