زاری كرمانجی :
حكومەتی عێراق لەژێر گوشارە بەردەوامەكانی ئەمریكا، یەكەم قۆناغی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا دەستپێكرد و ئەم هەنگاوەش دوای ڕاگەیاندنی ڕێكارەكانی وەرگرتنی چەك لە چەند گرووپێكی چەكداری دیار دێت.
بە گوێڕەی چەند سەرچاوەیەكی سیاسیی، سەرایای سەلام-ی سەر بە ڕەوتی نیشتمانی شیعە بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، ڕێكارەكانی ڕادەستكردنی چەكەكانی دەستپێكردووە، چاوەڕوان دەكرێت گرووپەكانی (عەسائیبی ئەهلی حەق، ڕێكخراوی بەدر، كەتائیبی سەیدولشوهەدا، بزووتنەوەی ساروڵڵای ئیسلامی و كەتائیبی ئیمام عەلی) بچنە سەر هەمان ڕێڕەو ئەوانیش چەكەكانیان ڕادەستی دەوڵەت بكەن.
عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق، میكانیزمێكی حكومی بۆ وەرگرتنی چەكی گرووپە چەكدارەكان ئاشكراكرد و جەختی لەوەشكردەوە “حكومەت هەنگاوی كرداری ناوە بۆ كۆتاییهێنان بەفرەیی گرووپە چەكدارەكان و فرەیی هێزی سەربازیی لەدەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكان،”
ئەم جووڵەیەی سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق، دوای گوشارەكانی ئەمریكا دێت كە تەواوكردنی كابینەی وەزاریی و پێدانی پۆستی بە چەند هێزێكی سیاسیی بەستبووەوە بە بەدەستهێنانی پێشكەوتنی بەرچاو لە دۆسیەی چەكدا.
لەبەرامبەر جوڵەكانی حكومەت، چەند زانیارییەكی پشتڕاستكراو كە دەیسەلمێنن كاردانەوە و مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، لە چەند نامەیەكی لایەنە نزیكەكانی ئێران، ڕەخنە لەو گرووپانە گیراوە كە چەكەكانیان ڕادەستكردووە یان ئامادەن ڕادەستی بكەن، ئێرانییەكان دەستبەرداربوون لە چەك بە پاشەكشەكردن لەو لێكتێگەیشتنانە دادەنێن كە لە ساڵانی ڕابردوودا گرووپە چەكدارەكانی لەسەر دامەزراوە؛ بەڵام تاران هیچ هەڵوێستێكی فەرمی بۆ پشتڕاستكردنەوەی ڕاستیی ئەو نامانە دەرنەبڕیوە.






























































