وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی كردەوە:” بڕی داشکاندنی 3 ملیار دینارمان گەڕاندەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان وەک بەشێک لە ڕێکارە بەردەوامەکانی ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی پسوولەکردن.”
ئاماژەی بەوە داوە: “لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی هەڵە لە پڕۆسەی پسوولەکردن، سیستەمی نوێی پسوولەکردن نزیکەی 118,000 هاوبەشی ماڵانی دیاریکردووە کە بەتەواوی لە داشکاندنی سێ مانگی یەکەمی پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەندنەبوون.”
هەموو ئەو هاوبەشانەی ماڵان بڕی داشکاندنەکانیان لە پسوولەی مانگەکانی داهاتووی پڕۆژەی ڕووناکی یان قەرزی پێش پڕۆژەی ڕووناکی بۆ ئەژماردەکرێت. ئەو هاوبەشانەی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەی ڕووناکی لەرێگەی کورتەنامە ئاگاداردەکرێنەوە.
وەزارەتی كارەبا داتاکانی پەیوەست بە داشکاندن لە کوردستانی بەمشێوەیە خستووەتە ڕوو:
*کۆی گشتی ئەو پارەیەی گەڕێندراوەتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان: 3 ملیار دینار
*ژمارەی هاوبەشانی سوودمەند لە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان: 117,628
*تێکڕای بڕی پارەی گەڕێندراوە بۆ هاوبەشانی ماڵان: 25,768 دینار
ئاشكراشی كردووە، تاوەکو ئەمڕۆ، نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی کە زیاترە لە ٪85ی هاووڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی.
بەپێی نرخە نوێیەکان، ٪80ی هاووڵاتیان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە ئایاریش، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.
پرۆژەی ڕووناکی کارەبای کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. ئێستا زیاتر لە 85٪ی هاووڵاتیان کارەبای بەردەوامیان هەیە لە پڕۆژەی ڕووناکی.
































































