شەهلا سۆفی – زاری كرمانجی :
ڕەنگە كاتی ژەمەكان و خووی خواردن ڕۆڵێكی چاوەڕواننەكراو لە تەندروستی دەروونیدا بگێڕن. توێژینەوەیەكی نوێ كە لە گۆڤاری ” Journal of Affective Disorders”دا بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەكات كە ناڕێكی خشتەی ژەمەكان پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە خەمۆكییەوە هەیە.
لێكۆڵینەوەیەكی نوێ دەریخستووە ئەو كەسانەی ژەمەكان لەكاتی ناڕێكدا دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە نیشانەكانی خەمۆكی تا 55% زیاترە. توێژەران لێكۆڵینەوەیان لە زیاتر لە ٢١ هەزار كەسی پێگەیشتوو كردووە و بۆیان دەركەوتووە كە وازهێنان لە نانی بەیانی و نەبوونی پلانی ژەمە خۆراكییە دیاریكراوەكان دەتوانێت پەیوەندی بە خراپتربوونی تەندروستی دەروونییەوە هەبێت.
شارەزایان پێیان وایە كە شێوازی ناڕێكی خواردن دەتوانێت ڕیتمە سروشتییەكانی جەستە و هاوسەنگی ئەو هۆرمۆنانە تێكبدات كە كاریگەرییان لەسەر باری دەروونی هەیە. ئەنجامی توێژینەوەكە ئەوە دەردەخات كە هەبوونی پلانی ژەمەكان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و خواردنی نانی بەیانی و خواردنی چەندین جۆری خۆراك یارمەتیدەر دەبن بۆ پاراستنی تەندروستی دەروونی، لەگەڵ هۆكارەكانی تری شێوازی ژیان.

































































