زاری كرمانجی :
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا چەندین بڕیار و پێشهاتەی نوێ و پێشكەشكردنی چارەسەری بێبەرامبەری ڕاگەیاند و ئاشكراشی كرد كە دۆسیەی هەزاران كەمئەندامی بۆ حكومەتی فیدراڵ نێردراوە بە مەبەستی دابینكردنی موچە بۆیان لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026 دا .
كوێستان محەممەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی گەشەسەندنێكی بێوێنەی لە سێكتەری خزمەتگوزارییەكانی ئۆتیزم ئاشكرا كرد و رایگەیاند “بەهۆی كەمكردنەوەی ڕۆتین و ئاسانكارییەكانی وەزارەتەكەمان بۆ كەرتی تایبەت، ژمارەی سەنتەرەكانی تایبەت بە ئۆتیزم لە 11 سەنتەرەوە بۆ 69 سەنتەر بەرزبوەتەوە (13 سەنتەری حكومی و 56 سەنتەری ئەهلی). ئەم زیادبونە و دروستبونی كێبڕكێ، هۆكارێكی سەرەكی بوە بۆ دابەزینی نرخی چارەسەر و ڕاهێنانەكان لە بەرژەوەندی خێزانەكان.”
كوێستان محەممەد لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە هەمواری ڕێنماییەكانی تایبەت بە مۆڵەتی بەخێوكەر كرد و وەك دەستكەوتێك بۆ خێزانەكان خستیەڕو. بەپێی گۆڕانكارییە نوێیەكان :
ئەو خێزانانەی كە لە یەك منداڵی ئۆتیزمیان زیاترە، مافی ئەوەیان پێدراوە كە هەردو دایك و باوكەكە مۆڵەتی فەرمی وەربگرن بۆ چاودێریكردنی منداڵەكانیان.
تا ئێستا 569 كەس لەم مافە سودمەند بون.
لە ئێستاشدا زیاتر لە هەزار و 700 منداڵ لە سەنتەرەكاندا سەرقاڵی وەرگرتنی خزمەتگوزاری فێربون و چارەسەرن.
سەبارەت بە شایستە داراییەكانی ئەم توێژە، وەزیری كار جەختی لەسەر هەوڵە چڕەكانی وەزارەتەكەی كردەوە و ڕایگەیاند: “دۆسیەی 16 هەزار كەمئەندام و منداڵانی ئۆتیزممان ئاراستەی بەغدا كردوە، تاوەكو لە بودجەی 2026ـدا تەرخانی داراییان بۆ بكرێت.” بۆ زیاتر بەدواداچونی ئەم پرسەش، بڕیارە تیمێكی تایبەتی وەزارەت سەردانی بەغدا بكەن، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی زۆرترین ژمارەی ئەو منداڵانە دەبنە خاوەنی موچەی مانگانە.
لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، وەزیری كار دو بڕیاری گرنگی سەرۆكی حكومەتی بۆ ئاسانكاری منداڵانی ئۆتیزم ڕاگەیاند، كە بریتین لە:
پشكنین و چارەسەری بێبەرامبەر لە سەرجەم نەخۆشخانە حكومییەكانی هەرێمی كوردستان.
پێدانی مافی لەپێشینەیی و ڕاییكردنی خێرای مامەڵەكانیان لە فڕۆكەخانەكاندا بەبێ چاوەڕوانی.
گووتیشی “
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوو هەنگاوێكی گەورەی بۆ خزمەتكردنی منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ناوە .
































































