زارى كرمانجى
بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە كۆی زیاتر لە 350 هەزار خانەنشینی هەرێمی كوردستان، نزیكەی 50 هەزار خانەنشین كارتی بانكیی چاپكراوی خۆیان وەرنەگرتووەتەوە و هەزاران خانەنشینی دیكەش خۆیان لە هەژماری من تۆمار نەكردووە.
عەزیز ئەحمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نووسیویەتی، بینینی نۆرەی دوور و درێژی خانەنشین لەبەردەم بانكەكان دیمەنێكی ئازاربەخشە، بەتایبەت كە بۆ پێدانی مووچەكانیان، بەدیلێكی باشتر هەیە.
هەروەها نووسیوویەتی: ” لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 350 هەزار خانەنشین هەیە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە نیوەیان مووچەی خانەنشینی خۆیان بە شێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی هەژماری منەوە وەردەگرن، ئەمەش کۆتایی بە نۆرەی درێژ دەهێنێت.
دەشڵێت:” نزیکەی 50 هەزار خانەنشین هێشتا کارتی بانکیی چاپکراوی خۆیان وەرنەگرتووەتەوە بۆ گواستنەوەیان بۆ سیستەمێکی دیجیتاڵی و هەزاران کەسی دیکەش هێشتا ناویان لە ‘هەژماری من’ تۆمار نەکردووە.
لە کۆتایشدا، عەزیز ئەحمەد داوا لەو خانەنشینانە دەكات كە مامەڵەی پرۆژەی ”هەژماری من” ـیان تەواوكردووە بەڵام كارتی بانكیی خۆیان وەرنەگرتووەتەوە، بەزووترین کات کارتەکانیان وەربگرنەوە بۆ ئەوەی لە دڵەڕاوکێ و نائارامی ڕزگاریان بێت و ئاسانتر بتوانن مووچە وەربگرن. هەروەها هانی گەنجان و کەسوکاری خانەنشینان دەدات کە یارمەتی خانەنشینان بدەن بۆ هاتنە ناو هەژماری من و سوودوەرگرتن لە پارەدانی دیجیتاڵی.

































































