زاری کرمانجی
عەلی عەبدوڵڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مین/ هەولێر، بۆ پاراستنی سەڵامەتی هاووڵاتیان لە مەترسییەكانی مین و تەقەمەنی ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
هاونیشتیمانیانی بەڕێز، گەنجانی دڵسۆز
دوای گرژی و ئاڵۆزییەكانی دوایی و كەوتنەخوارەوەی ژمارەیەك پاشماوەی جەنگیی نەتەقیوی مەترسیدار، لەوانە مووشەك و درۆن، لە ناوچە شاخاوی و سنوورییەكان، مەترسییەكی ڕاستەقینە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و سەلامەتی گشتی دروست بووە.
وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین/ هەولێر، داواكارییەكی دڵسۆزانە ئاڕاستەی گشت هاونیشتیمانیان و بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكەین، سەلامەتی خۆتان و كەسانی دەورتان مەكەنە قوربانی لایك، بینەر و ناوەڕۆكێكی كاتی.
چوونە ناو كێڵگەكانی مین، ناوچە مەترسیدارەكان و شوێنی كەوتنەخوارەوەی مووشەك و درۆنەكان بە مەبەستی تۆماركردنی ڤیدیۆ، وێنەگرتن یان سێڵفی، هەڵسوكەوتێكی زۆر مەترسیدارە و دەتوانێت ببێتە هۆی ڕوودانی كارەساتێكی نەگەڕاوە، هەروەها ئەم جۆرە ڕەفتارانە دەبنە هۆی كەمبایەخكردنی مەترسییەكان لەلایەن كەسانی تریشەوە.
ئێمە پشت بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتی ئێوە دەبەستین بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان ناچار نەبن لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گشتی و گیانی هاوڵاتیاندا، ڕێكاری یاسایی بگرنەبەر.
تكایە بە تەواوی پابەندی ئەم ڕێنماییە هۆشیارییانەی خوارەوە بن:
یەكەم: قەدەغەبوونی نزیكبوونەوە و وێنەگرتن بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆتان، بە هیچ شێوەیەك لە پاشماوەی مووشەك، درۆن و هەر تەنێكی نامۆ یان گومانلێكراو نزیك مەبنەوە و هەوڵی وێنەگرتن، تۆماركردن یان دەستلێدان مەدەن.
دووەم: بەكارهێنانی تەنها ڕێگا و شوێنە ناسراوەكان، لەم ماوەیەدا بە تەواوی لە چوونە ناو دۆڵ، پێدەشت و ناوچە نەناسراوەكان دووربكەونەوە، بە تایبەتی ئەو شوێنانەی هێشتا لەلایەن تیمە تەكنیكییەكانی پاككردنەوەی مینەوە پشكنین و پشتڕاست نەكراونەتەوە.
سێیەم: ئاگاداركردنەوەی خێرا لە كاتی بینینی هەر تەنێكی نامۆ یان گومانلێكراو، بە هیچ شێوەیەك لێی نزیك مەبنەوە و دەست لێ مەدەن، تكایە بێدواخستن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی دەزگای مین بكەن لە ڕێگەی ژمارەی (١٨٢).
هاووڵاتیانی بەڕێز:
لە جیهانی مین و تەقەمەنی نەتەقیودا، “هەڵەی یەكەم زۆرجار هەڵەی كۆتایییە و مۆڵەتی دووەم بوونی نییە.”
یەك چركە بێئاگایی و بێباكی لە پێناو لایكێك یان ڤیدیۆیەكدا، ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی ژیان.
پاراستنی سەلامەتی و گیانی هاووڵاتیان، ئەرك و ئامانجی یەكەم و لەپێشینەی ئێمەیە.

































































