زاری كرمانجی :
هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەبەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئیلهام ئەحمەد ئەو هەواڵانەی میدیاكانی توركیا رەتكردەوە كە ئاماژەیان بۆ گرێدانی كۆبوونەوەیەكی نێوان ئەو و مەزڵوم عەبدی لەگەڵ سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، عەبدوڵا ئۆجەلاندا دەكرد، رەتیشیكردەوە كە لە ئایندەی نزیكدا جۆرە كۆبوونەوەیەكی لەو شێوەیە سازبكرێت.
لە چاوپێكەوتنێكدا لە گەڵ كەناڵی ” ئەلحرەی ” ئەمەریكی ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەبەڕێوەبەرایەتی خۆسەر باس لە رێگرییەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتن لەگەڵ دیمەشق و پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئەمەریكا و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەو پەیوەندیانە دەكات.
ئیلهام ئەحمەد لەو چاوپێكەوتنەدا جەختدەكاتەوە كە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی كانونی دوەم كە تایبەتە بەدۆسیەی تێكەڵكردنی هێزە چەكدارەكانو یەكخستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت لە باكورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، ” كارێكی ئاسان نییە”.
هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئاشكرای دەكات، بەپراكتیكی لە واقیعدا، بەربەستی كۆنكرێتیو ئاڵۆز هاتونەتە پێش كە ڕێڕەوی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە خاو دەكەنەوە.
ئەو بەرپرسەی رۆژئاوا هۆشداریی توند لەهەوڵی تێكدانی سەقامگیریی ناوچەكە دەدات و پەنجەی تۆمەتی بۆ دەزگای هەواڵگریی چەند وڵاتێك (كە ناوی نەهێناون) ڕاكێشاوەو دەڵێت، “ئەو وڵاتانە سەرقاڵی هاندانی سیستماتیكن بۆ لێدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتیو تێكدانی ئەو تەباییەی كە ئێستا لەئارادایە”.
لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریكا، ئیلهام ئەحمەد بەڕاشكاوی ڕایگەیاند، “واقیعی نوێی سیاسی وایكردوە، پێویستییەكی بەپەلە هەبێت بۆ پێداچونەوەی هەمەلایەنە بەسروشتی پەیوەندییو هاوپەیمانێتییەكەیان لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكادا”.
ئیلهام هەرچەندە پێشوازیی لەمەرسومی سەرۆكایەتی تایبەت بەمافەكانی كورد لەسوریا كرد، بەڵام پێوایە “مەرسومەكە لەهەندێك لایەنەوە كەموكوڕی هەیە، تاكە گەرەنتی ڕاستەقینە ئەوەیە كە مافەكانی گەلی كورد لەناوەڕۆكی هەر دەستورێكی نوێی وڵاتەكەدا بچەسپێندرێت”.

































































