بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییە تەندروستییە بۆماوەییەکان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە خێزانییەکان، پەرلەمانی سوید بە کۆی دەنگ یاسایەکی نوێی پەسەند کرد بۆ قەدەغەکردنی تەواوەتیی هاوسەرگیریی نێوان خزمە نزیکەکانی پلە یەک.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی سوید، یاساکە تەنها ناوخۆی وڵات ناگرێتەوە، بەڵکو حکومەت چیتر دان بەو هاوسەرگیرییە خێزانییانەشدا نانێت کە لە دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدرێن.
هەروەها ئەو کەسانەی لە ڕێگەی هەڵگرتنەوە و سەرپەرشتیکردنی یاساییەوە بوونەتە ئەندامی یەک خێزان هاوسەر گیری كردنیان رێپێدراو نابێت.
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی سوید ڕوونیکردووەتەوە کە پاڵنەری سەرەکیی ئەم بڕیارە پاراستنی مافی تاکەکەس و ڕێگریکردنە لە هاوسەرگیریی زۆرەملێ و ئەو پێشێلکارییانەی بەناوی شەرەفەوە دەکرێن، کە بەزۆری لەناو هەندێک پێکهاتەی کۆچبەردا ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە.

































































