ئەژین غەفار – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردەوە، كەشوهەوای ڕۆژانی هەینی و شەممە لەبار نییە و خۆڵبارینی لەگەڵ دەبێت.
بەگوێرەی ئەو بڵاوكراوەیەی كەشناسی هەرێم شەپۆڵێكی تۆز و خۆڵ لە ناوچەكانی باشوور و رۆژئاوای عێراق ڕوو لە هەرێم دەكات. كاریگەری ئەم شەپۆڵی خۆڵبارینە بۆ سەرناوچەكانی هەرێم درێژ دەبێتەوە سەرەتا لە ناوچەكانی باشوور و ڕۆژئاوای هەرێم ( پارێزگای كەركوك و دەوروبەری و دەشتی هەولێر ) دەست پێدەكات. پاشان لە سبەی بەیانی ڕۆژی هەینی كاریگەری خۆلبارینەكە بۆ زۆربەی ناوچەكانی هەرێم درێژ دەبێتەوە و بەگشتی مەودای بینین (5-7) كم دەبێت.
كەشناسی هەرێم ئاماژە بەوەش دەدات لە ناوچەكانی پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ كاریگەری ئەو خۆڵبارینە لاواز دەبێت. هەروەها پێشبینی دەكرێ لە شەوی هەینی لەسەر شەممە كاریگەری تۆز و خۆڵەكە لە سەر ناوچەكانی پارێزگای هەولێر و سلێمانی و كەركوك و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین زۆر زیاد بكات و مەودای بینین كەم بێتەوە بۆ 3كم. هاوكات كاریگەرییەكەی تا نیوەڕۆی رۆژی شەممە لەسەر ناوچەكەمان بمێنێتەوە لەگەڵ ئەگەری بارینی كەمێك نمە باران لە ناوچەكانی ئیدارەی ڕاپەڕین و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان. لەكۆتاییدا ئاماژە بەوە كراوە، لەكاتەكانی شەودا كاریگەری ئەو خۆڵبارینە لاواز دەبێت. هاوكات پلەكانی گەرماش نزمدەبێتەوە بە( 3- 5 ) پلەی سیلیزی.

































































