ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو کەسانەی گومان دەکرێت بەهۆی شەپۆلی نوێی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلاوە گیانیان لەدەستدابێت، گەیشتووەتە ٢٢٠ کەس.
بە گوێرەی سەرچاوەکە، تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دا کە هەر دواکەوتنێک لە دەستنیشانکردنی حاڵەتەکان، پەستانێکی زۆر دەخاتە سەر تیمەکانی تەندروستی و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە قورستر دەکات.
هاوکات، دەشڵێ، ئەم شەپۆلەی ئێستا بەهۆی جۆرێکی ڤایرۆسەکەوەیە پێی دەوترێت (بۆندیبۆگیۆ)، کە تا ئێستا هیچ ڤاکسین و چارەسەرێکی باوەڕپێکراوی نییە (بە پێچەوانەی جۆرەکانی پێشووی ڤایرۆسەکە). بۆیە ڕێکارەکانی خۆپارێزی تەنها پشت بە کەرەنتینەکردن و خێرا دەستنیشانکردنی تووشبووان دەبەستێت.
هەروەها، سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەفریقا هۆشداری داوە کە ڤایرۆسەکە مەترسییە بۆ سەر ١٠ وڵات، لەوانە: باشووری سودان، ڕواندا، کینیا، تانزانیا، ئەسیوپیا، کۆنگۆ، بۆرۆندی، ئەنگۆلا، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و زامبیا.
سەرەڕای ئەوەی پێشبینی دەکرێت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر لە دوو مانگ بخایەنێت، بەڵام ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێی وایە هێشتا مەترسیی بڵاوبوونەوەی پەتاکە لەسەر ئاستی جیهان “نزمە

































































