مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دەیڤد پیترایۆس، ژەنەراڵی خانەنشینكراوی ئەمەریكا داوا لە سوپای وڵاتەكەی دەكات تواناكانی لە بواری تەكنۆلۆژیای درۆندا زیاتر پێش بخات و گۆڕانكاری ڕیشەیی دامەزراوەیی ئەنجام بدات بۆ فراوانكردنی تواناكانی لەم بوارەدا و دەشڵێت ” داهاتووی جەنگ بۆ كۆمەڵە درۆنی سەربەخۆی هێرشبەر دەبێت.”
ژەنەراڵ دەیڤد، ماوەی 37 ساڵ لە ڕێزەكانی سوپادا خزمەتی سەربازی كردووە و پێشتریش بەڕێوەبەری سی ئای ئەی بووە لە نوێترین پەیامی خۆیدا دەڵێ “ئێمە وەك پێویست وانەمان لە شەڕی ئۆكراینا وەرنەگرتووە، ئەوان 10 هەزار درۆن لە ڕۆژێكدا بەكار دەهێنێت، 90٪ قوربانییەكانی ڕووسیا بەهۆی درۆنەوەیە، تانكەكان هیچی تر ناتوانن تەراتێن بكەن، ناتوانرێت ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەكانیان بپارێزرێن، تەنانەت ئۆتۆمبێلەكان ناتوانن لە ‘ناوچەی مەرگ’ بجووڵێنەوە كە بە قووڵایی 30 كیلۆمەتر لە هەر دوو بەرەی پێشەوەی شەڕدا درێژ دەبێتەوە، تەنانەت ناتوانرێت چی تر بگوترێت بەرەی پێشەوەی شەڕ، چونكە درۆنەكان دەتوانن بۆ نێو خەندەقەكاندا بفڕن و خەڵك بكوژن.”
ژەنەراڵە ئەمریكییەكە باس لەوەش دەكات كە لە یەك دوو ساڵی داهاتوودا تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەو درۆنانە ناكرێت كە لەلایەن مرۆڤەوە لە دەورەوە هەڵدەدرێن و ئاراستە دەكرێن، بەڵكوو لە داهاتوودا سیستەمی سەربەخۆی درۆنی دەبینین كە تەواو سەربەخۆن و پێویستییان بە مرۆڤ نابێت بۆ كاركردن.
































































