مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لیندسی گراهام لە نوێترین پەیامی خۆیدا هۆشداری بە سعوودیە، قەتەر و پاكستان دەدات ئەگەر ڕێككەوتنەكانی ئەبراهام ڕەت بكەنەوە ڕووبەڕووی “دەرەنجامی خراپ” دەبنەوە .
لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆمارییەكانی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس جارێكی دیكە پشتیوانیی خۆی بۆ ستراتیژیی نوێی ئیدارەی ترەمپ دەربڕی و نووسیویەتی “ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، دەبێتە یەكێك لە گرنگترین ڕێككەوتنەكانی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.”
گراهام پێشنیازەكەی ترەمپی بۆ بەستنەوەی ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێراندا بە چوونە پاڵی سعوودیە و قەتەر و پاكستان بۆ ڕێككەوتنەكانی ئەبراهام بە “جووڵەیەكی بلیمەتانە” وەسفكرد و دەڵێ “ئەگەر ئەو وڵاتانە ڕێگەكە ڕەت بكەنەوە، ڕووبەڕووی ؛دەرەنجامی خراپ؛ دەبنەوە.”
داواش لەو سێ وڵاتە دەكات بوێر بن و ڕازی بن بچنە نێو ڕێككەوتنەكانی ئەبراهام و لە هەمانكاتیشدا هۆشدارییەكی توندی ئاراستەی هەر سێ وڵاتەكە دەكات ئەگەر ڕێككەوتنەكە ڕەت بكەنەوە دەرەنجامی خراپی بۆ پەیوەندییەكانی داهاتوویان دەبێت و لەلایەن مێژووەوە وەك هەڵەیەكی گەورەی حیسابات سەیر دەكرێت.

































































