د. دیلمان ئازاد خۆشناو
پسپۆری پزیشکی دادوەری
زۆر بەئازارن ئەو ڕاستیانەی لەناو کۆمەڵگە هەن دەربارەی ژن. زۆرجار بیر دەکەمەوە بۆچی ژن بوونمان دەبیت وا قورس بێت باجەکەی؟ بۆچی ئازاین لە وەرگرتنی هەندی هەڵسوکەوتی نەشیاوی کۆمەڵگەکان و زۆر زوو لێی پێش دەکەوین؟دواتر هەر ژن باجی ئەو هەڵسوکەوتە دەدات، بیر دەکەمەوە ئایا وڵاتانی پێشکەوتوو هێندە ڕێزی مافی مرۆڤ و بەتایبەت مافی ژن لەلایان بە قەدرە بۆچی ئێمە لەسەر ئەو گرینگی و پێشکەوتنەیان ڕێک دەوەستین و پێش ناکەوین.
خۆ ئەوە ڕەنگە هەر من نەبم لەناو ئەو هەموو بیرکردنەوەدا
بەتەنها وەکو ژنێکی کورد لە سوچێکدا خەریکی نووسینی ئازارەکانم بم.
خۆ دەکرێ جارێک نمونەی خۆم نیشانی خۆم و نیشانی ئێوەی مرۆڤ دۆست بدەم. دڵنیام زۆربەی ژنان وەک منن. منێک کە پزیشکی پسپۆڕم ئەرکێکی دژوار و ئینسانیم لە کۆڵ هەڵداوە . منێک کە ڕۆژانە مامەڵەم لەگەڵ لاشەی مردوێکە و قسە لەگەڵ جەستەی مردوێک دەکەم یان مامەڵە ڵەگەڵ دەست درێژییەکی قێزەون یان منداڵێکی بێ تاوان دەکەم کە زوڵم و ستەمی لێکراوە دواتر دوایی شەن و کەوێکی زۆر بڕیارێک ڕادەگەیەنین کە خۆی لەخۆی ئەو بڕیارانە قورسییەکی ئیجگار زۆری تێدایە، دەزانن کە منێک وەک ماموستای زانکۆ کچ و کوڕی وڵاتەکەم لەباوەش دەکەم و وەک منداڵەکانی خۆم خەریکم بە پەروەردەیەکی دروست دەیاننێرمه نێو کۆمەڵگەو بە چاوێکی پڕ ئومێدەوە لەهەڵسوکەوتیان دەڕوانم. من کە خەریکی کاری توێکاری و ئیشکگری دەبم لەگەڵ هاوڕێ و ئازیزەکانم .
هەردەڵێم بڕوا ئەو ئیشکگریە بەبێ ئەوەی ڕۆڵەیەکی وڵاتەکەم نەبینم بە جەستەی هەنجن هەنجن کراوی. جگە لەهەموو ئەوەش دەمەوی دایکێکی میهرەبان بم جێگای ڕەزامەندی منداڵەکانم بم و جگە لە ئەرک و کاری ماڵەوە زۆر جار لەبیر دەکەم کە تەندروستیم ناجێگیرە یان پێویستم بە پشوویەکە بۆ خۆم. لەلایەکی ترەوە بەڕێوەبردنی جێگایەک لە ڕووی ئیدارەوە. ئینجا لەولاوە یەکێک دێت دەڵێت ژن زەعیفەیە و بەسروشت لاوازە، باشە بۆ ژن زەعیفەیە؟ لەوە زیاتر چ بکات؟.
ئینجا تەماشای مانشیتی هەواڵەکان دەکەین و گوێبیستی کوشتن دەبین خۆدیارە لە کوشتنی هەر ژنێک کۆتایی بە ژیان و دواڕۆژ و ئومێدی خانەوادەیک دەهێنرێت. ئەی باوک و براو هاوسەری ئازیز تۆکە هێندە میهرەبان و خاوەنی جوانترین ناو نیشانی کەی ڕەوایە بەبێ بیرکردنەوە لەڕۆحی ژن کچ، ژنەکەت بدەیتە بەر لولەی کلاشنکوفەکەت دواتریش هەر بەناشیرینی بێیت و بڵێی لەسەر شەڕەف کوشتومە.
یان پشکنینی پەردەی کچێنی هێنانی ئەو ژنە بە ئیهانەکردن بۆ پشکنین ئەوە بەخۆی سوکایەتییە چونکە نابێت بپرسین ئەی پشکنینی پیاوەکە چۆن بکەین؟ ئەی قابیلە پیاوەکە فریشتە بێت؟
یان دەزانن زۆر جاران منداڵە کچەکە دەستدرێژی سێکسی کراوەته سەر بەڵام پەردەی کچێنی لەدەست نەداوە و گرفتی بۆ هاوسەرگیری بۆ دروست نابێت خانەوادەکە خۆیان بێ دەنگ دەکەن و دەڵێن بەردێکی لەسەر دانێ با ئابوڕمان نەجێت. چونکە ئەگەر ئاشکرا بێت لەوانەیە ئەو کچە کە گەورە دەبێت کەس نەیخوازێ و بێبەش بێت لە پیکهێنانی خێزان لە تاوانێک کە گوناحی خۆی تێدانەبووە.
ئاخر منداڵێک تاوانی بەرامبەر بکرێت تۆش غەمی ئابڕوی خۆتە و تۆمەتباری تاوانبار وەکو گورگێک بەردەدەیە لاشەی
هەزاران منداڵی تر.
یان چ تاوانێک هێندەی ئەو نا ڕۆشنبیری و تێنەگەیشتنەی بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا قێزەونترە بڕیار لەدەستی پیاو دابێت 3 ژن لەبڕی پێکهێنانی سولحێک و ئاشتکردنەوەی دڵی پیاوێک بدات.
من دەڵێم ئەو بیردکردنەوەیەش پەروەردەی دەستی ژنێکە ناوی دایکە ناکرێت تۆی ژن خرا پەروەردەی خێزانێک لە ئەستۆ بگری و دواتر نەشیاوی و ناڕۆشنبیریت ببێتە هۆکاری شلەژان و وێران کردنی جوانیەکانی کۆمەڵگە.