نووسین و ئامادەکردنی : کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
١٧ ساڵ ئەزموونی پراکتیکی لەبواری چارەسەری بە کەڵەشاخ
کەڵەشاخ (Cupping Therapy) شێوازێکی چارەسەری سروشتی مێژوویی و کاریگەرە، کە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بۆ چارەسەر و خۆپاراستن لە نەخۆشی سوودی لێوەرگیراوە. لەگەڵ پێشکەوتنی زانستی پزیشکی سەردەم و ئەنجامدانی توێژینەوە زانستی و پزیشکیەکان لەسەر ئەم بوارە، دەرکەوتووە کە ئەنجامدانی کەڵەشاخ لە ناوچەی ژێر پێ (Plantar surface) بەهۆی چالاککردنی کۆتاییە دەمارییەکان و باشترکردنی و چالاک کردنی سوڕی خوێنی چەندین سوودی تەندروستی گرنگی هەیە بۆ مرۆڤ.
گرنگترین سوودەکانی ئەنجامدانی کەڵەشاخ لە ژێر پێیەکاندا چین:
١_ هاوسەنگکردنی فشاری خوێن و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ
ئەنجامدانی کەڵەشاخ لە ژێر پێیەکاندا دەبێتە هۆی ورووژاندنی کۆئەندامی دەماری پاراسیمپاساوی، ئەمەش یارمەتی دابەزاندنی لێدانی خێرای دڵ و نزمکردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ (هۆرمۆنی دڵەڕاوکێ) دەدات، کە سەرەنجام فشاری خوێنی بەرز و فشاری دەروونی کەم دەکاتەوە.
٢_ڕەواندنەوەی ماندوێتی و بێهێزی گشتی، پێیەکان خاڵی سەرەکین بۆ کۆبوونەوەی ترشی لاکتیک و پاشماوەی زیندەپاڵ بەهۆی ڕاوەستان یان ڕۆشتنی زۆر. کەڵەشاخ سوڕی خوێنی ناوخۆیی خێرا دەکات و ئەم نیشتنانە لە ماسولکەکان پاك دەکاتەوە، کە ئەمەش هەستی چالاکی و حەوانەوە بە سەرانسەری لەش دەبەخشێت.
٣_ چارەسەری کێشەی سڕبوون و گەرمبوونی پێیەکان دەکات،
بۆ ئەو کەسانەی بەدەست سڕبوونی سەرپەنجەکانی پێ، ساردی یان گەرمبوونی بێزارکەری پێیەکانەوە دەناڵێنن (کە زۆرجار بەهۆی تێکچوونی دەمارە چێوەییەکانەوەیە)، کەڵەشاخ هانی نوێبوونەوەی خانە دەمارییەکان دەدات و گەیشتنی ئۆکسجین بە کۆتاییە دەمارییەکان باشتر دەکات.
٤_ چارەسەرە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی پاژنە و ڕێگری لە دروستیبوونی ئێسکی زیادە، کەڵەشاخ یارمەتیدەرێکی بەهێزە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی بەستەری بن پێ (Plantar Fasciitis). بەهۆی ڕاکێشانی خوێنی نوێ بۆ شوێنەکە، ئازاری پاژنە ناهێڵێت و ڕێگری دەکات لە نیشتنی کالسیۆمی زیادە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی دڕکی پاژنە (Heel Spur).
٥_بەسوودە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی دەردەشا (Gout) و ڕۆماتیزم و نەخۆشی دەردەشا بەهۆی کۆبوونەوەی کریستاڵەکانی ترشی یوریک لە جومگەکانی پێدا دروست دەبێت. کەڵەشاخ یارمەتی ڕاکێشان و کەمکردنەوەی خەستی ئەم کریستاڵانە و ماددە هەوکردنەکانی دەوروبەری جومگەکانی قاچ و پێ دەدات.
٦_ بەسودە و کاریگەرە بۆ باشترکردنی کارکردنی کۆئەندامی هەرس
بەپێی زانستی نەخشەی دەماری پێیەکان (Reflexology)، ناوەڕاستی بنپێ پەیوەندی ناڕاستەوخۆی هەیە بە کۆئەندامی هەرسەوە. ورووژاندنی ئەم خاڵانە لە ڕێگەی پاڵەپەستۆی کەڵەشاخەوە، یارمەتی کەمکردنەوەی تەمبەڵی ڕیخۆڵە، تەشەنوجاتی قۆڵۆن، قەبزی و غازاتی زۆر دەدات.
٧_ بەسوودە بۆ پشتگیری دەماری لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان (MS و پارکینسۆن) هەرچەندە ئەم نەخۆشییانە پەیوەندییان بە کۆئەندامی دەماری ناوەندییەوە هەیە، بەڵام ساردبوونەوە، ڕەقبوون، شەلەل و لەرزۆکی لە قاچەکاندا دروست دەکەن. کەڵەشاخ لەم ناوچەیەدا هێزی ماسولکەیی قاچەکان دەپارێزێت و نیشانەکان سووک دەکات.
٨_ بەسوودە بۆ کەمکردنەوەی ژانەسەر و سەرگێژخواردن
لە ڕێگەی ڕێکخستنی وزەی لەش و سیستمی دەماری گشتی و باشترکردنی ڕۆشتنی خوێن، کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی توندی ژانەسەر (شەقیقە) و سەرگێژخواردن و سوککردنی ماندوێتی چاوەکان.
٩_ بەسوودە بۆ کەمکردنەوەی تەنگەنەفسی و نیشانەکانی سییەکان
بەهۆی بەستنەوەی هێڵەکانی وزە و دەمار لە بنپێوە بۆ بەشەکانی تری لەش، یارمەتی کەمکردنەوەی گرژییەکانی سەر سنگ و باشترکردنی نیشانە گشتییەکانی تەنگەنەفسی دەدات.
ڕێنمایی و تێبینیەکی گرنگ بۆ ئەنجامدانی کەڵەشاخ لە ژێر پێیەکاندا :
پێویستە ئەم جۆرە کەڵەشاخە تەنها لەلایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە ئەنجام بدرێت، چونکە پێستی بنپێ پێویستی بە وریایی زۆر هەیە لە کاتی ئەنجامداندانی کەڵەشاخ دا ،وە بۆ تووشبووانی شەکرەی درێژخایەن، بەهۆی مەترسیی برینداربوون و درەنگ چاکبوونەوەی پێست، ئەنجامدانی کەڵەشاخی تەڕ (بە بڕیندارکردن) لە ژێر پێدا قەدەغەیە و نابێت کەڵەشاخیان بۆ ئەنجام بدرێت.

































































