زاری كرمانجی-مێرگەسۆر:
بەمەبەستی بەدواداچوون و لە نزیكەوە ئاگاداربوون له كێشەو گرهفت و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان شاندێكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەردانی قەزای مێرگەسۆریان كرد.
هەژار حەكیم، بەڕێوبەری راگەیاندن و پەیوەندیەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” رۆژی دووشەممە، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە چوارچێوەی سەردانەكانی بۆ گوند و ناحیە و قەزاكانی سنووری ئیدارەی سۆران، بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە كارو پڕۆژەكان، سەردانی قەزای مێرگەسۆری كرد و لە لایەن قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر غەفور ئەحمەد ماڵەسوار پێشوازی لێكرا”.
گووتیشی: ” لە كۆبوونەوەیەكدا، كە بە ئامادەبوونی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر، بەڕێوەبەرە گشتییەكانی پەروەردە، تەندروستی و شارەوانی، بەڕێوەبەری ناحیەكانی (شێروان، گۆڕەتوو، مەزنێ، بارزان، پیران) بەڕێوەبەری نووسنگەی تایبەت، بەڕێوەبەری پلان و دامودەزگا ئەمنییەكان بەڕێوەچوو. بە ووردی باس لە گیروگرفتە ئیداری و خزمەتگوزارییەكانی سنووری قەزاكە لە بوارە جیاوازەكان كرا و لە بەرامبەردا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕیاریدا پلانی نوێ ئامادە بكرێت بۆ ئەوەی دەستبەجێ كار بۆ چارەسەركردنیان بكرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو: ” دواتر لە كۆبوونەوەیەكی دیكەدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی فەرمانگە حكوومەییەكانی سنوری قەزای مێرگەسۆر گرفتەكان خرانەڕوو. لەم بارەشەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بڕیاریدا كە كار بۆ چارەسەركردنی بەشێكی زۆریان دەكرێت”.
هەروەها سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رۆڵی مەلا مستەفا بارزانی لە پاڵپشتیكردنی كاروپڕۆژەكان بەرزنرخاند و بەڵێنیدا لە هەوڵەكانیان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی سنووری ئیدارەی سۆران بەبێ جیاوازی بەردەوامییان هەبێت، كە بە پاڵپشتی راستەوخۆی رێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆسەی ئاوەدانی بەڕێوە دەچێت”.